جۆ بایدن دڵنیابوونی خۆی لە سەرکەوتن نیشاندا
جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە متمانەبەخۆبونەوە باس لە سەرکەوتنی دەکات بەسەر رکابەرەکەیدا، بەڵام داوای لە لایەنگرانی کرد چاوەڕێ بکەن تا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەندرێت.
جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا لەمیانی وتارێکدا لە ویلایەتی دیلاوێر رایگەیاند، "ھەرچەندە لە سەرکەوتنم دڵنیام، بەڵام ئێستا سەرکەوتنی یەکجارەکی راناگەیەنم و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی دەکەم، داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم خۆڕاگربن و ئاڵۆزییەکان ھێور بکەنەوە".ئاماژەی بەوەشکرد، دەبنە یەکەم دیموکرات کە دوای 24 ساڵ، ئەریزۆنا ببەنەوە، ھەروەھا دەبێتە یەکەم دیموکرات دوای 28 ساڵ جۆرجیا بباتەوە، ھەروەھا لە فیلادلفیاش سەردەکەوێت،
بایدن باسی لەوەشکرد، پێویستە هێمنی بپارێزن و رێگەبدەن پرۆسەکە بەشێوەیەکی سروشتی بەڕێوەبچێت، "دەبێت هەمو دەنگەکان بژمێردرێن، گوێ نادەم بەوەی کە خەڵکی چۆن دەیانەوێت بیوەستێنن، بەڵام ناهێڵم ئەوە روبدات".
لەبارەی پلانی کارکردنی دوای ئەوەی کورسی سەرۆکایەتی ئەمریکای بردەوە، بایدن وتی، "کار دەکەین بۆ دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، کار بۆ نەھێشتنی قەیرانەکان و یەکخستنەوەی ئەمریکا دەکەین و دەرفەتێکی باشمان لە پێشە بۆ بونیاتنانی داھاتوێکی باشتر بۆ نەوەکانمان".
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان تائێستا رێژەی دەنگ و کورسییەکانی لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن پێش رکاربەرەکەی کەوتوە، بەجۆرێک تائێستا 264 کورسی بەدەستهێناوە و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیش 214 کورسی مسۆگەرکردوە، بۆ یەکلاییبونەوەی ئەنجامەکانیش هەرکام لەو دو کاندیدە پێویستە زیاتر لە 270 کورسی لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن مسۆگەر بکەن.