تشرینی دووه‌م 20, 2020 01:29 Asia/Tehran
  • ھەوڵی عیمران خان بۆ ڕاکێشانی تالیبان بۆ بەردەم مێزی دانوستانی ئاشتیی ئەفغانستان

سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە لە کابۆل دا بەسەر دەبات، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەفغانستان پێی داگرت: ئیسلام ئاباد ھەوڵ دەدات تالیبان بۆ بەردەم مێزی دانوستانی ئاشتی ڕابکێشێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ھەواڵیی «تۆلوع نیوز» ، «عیمران خان» لەم پرێس کۆنفرانسەدا وتی: پاکستان ئەوەی پێی بکرێت دەیکات بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژی لە ئەفغانستاندا.

سەرۆکی پارتی دەستەڵاتداری «بزواندنی ویژدان»ی پاکستان وتیشی: پاکستان خوازیاری دامەزرانی ئاشتی و دابینکرانی ئاسایشت لە ئەفغانستاندایەو کۆتایی ھاتنی شەڕ لە ئەفغانستانیش بە قازانجی ناوچەکەو ھەروەھا پاکستانە.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان سوپاسی «ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەفغانستانی کرد کە بانگێشتنی کابۆلی کردووەو وتی: ماوەی پەنجا ساڵ بە ئاواتی گەشت کردن بۆ پێتەختی ئەفغانستان بووە کە ئەمڕۆ ئەو ئاواتەی ھاتووەتە دی.

«ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەفغانستانیش لەو پرێس کۆنفرانسەدا سەردانەکەی «عیمران خان»ی بە ڕووداوێکی مێژوویی ناوبردو وتی خواستی جەماوەری ئەفغانستان ئاگربڕو کۆتایی ھاتنی شەڕ لە وڵاتەکەیانە.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرزو بە مەبەستی دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئەفغانستان گەییشتە کابۆلی پێتەختی ئەم وڵاتە.وەزیری کاروباری دەرەوە، سەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی، سەرۆکی گشتیی ھەولڵگری و ئاسایشتی سوپای پاکستان ، نوێنەری تایبەتیی پاکستان بۆ کاروباری ئەفغانستان، لەم گەشتە دوو ڕۆژەیەدا بۆ ئەفغانستان یاوەری «عیمران خان»ن.

سەرپەیڤ