کانونی یه‌که‌م 17, 2020 21:55 Asia/Tehran
  • لاڤرۆف: ئامادە بوونی نایاسایی ھێزی بیانی لەخاکی سووریادا ئیدانە دەکەین

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە دیدار لەگەڵ ھاوتا سوورییەکەی جەختی کرد: مۆسکۆ ئامادە بوونی نایاسایی ھێزەکانی بیانی لە خاکی سووریا ئیدانە دەکات.

«سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی پێنج شەممە لە دیدار لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: بڕێک لە وڵاتان لەمپەر لە سەر ڕێگای چارەسەریی قەیرانی سووریا دەنێنەوە و بایکۆتی بە سەردا دەسەپێنن کە دیارە ئاوا ھەنگاوێک لەگەڵ بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا یەک ناگرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی کردە پێویستیی پارێزرانی سەروەریی سووریا و سەربەخۆیی و دەستەڵاتی ئەم وڵاتەش و لە سەر مافی چارەی خۆنووسینی جەماوەری سووریا پێی داگرت.

«فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریاش لە دیدارەکەی لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆف»ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لە پەیوەندیی ستراتژیی دیمەشق و مۆسکۆ کردەوەو ھیوای خواست کە ئەم پەیوەندییانە گەشە بستێنێ.

وەزیری دەرەوەی سووریا ھەروەھا ستایشی مۆسکۆی کرد لە بەر داکۆکی کردنی لە سووریا لە شەڕی دژی تیرۆریزم و وتیشی: ئامانجی ستراتژیی ھەردووک وڵاتەکە پەرە پێ دانی پەیوەندییە تایبەتییەکەیانە.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پێشتر لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند بوو کە «فەیسەڵ میقداد» حەوتەی داھاتوو لە یەکەم گەشتی وەک وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ ڕووسیا لە بارەی بابەتگەلێکی گرینگی ھاوپەیوەند بە قەیرانی سووریا لەگەڵ کاربەدەستانی ڕووسیا ڕاوێژ دەکات.

سەرپەیڤ