کانونی دوھەم 14, 2021 01:56 Asia/Tehran
  • ترەمپ بەرەوڕووی پرساندن بووەوە

چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەنگاوێکی دەگمەن دا بۆ دووھەمین جار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە بەرەوڕووی پرساندن بووەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «دۆناڵد ترەمپ» تاکە سەرۆک کۆماری مێژووی ئەمریکا دەبێ کە لە ماوەی چوار ساڵ دوو جار لە ئەنجومەنی نوێنەڕاندا بەرەوڕووی پرساندن بووەتەوەو پرساندنەکەشی پەسەند کراوە.

لە بڕیانامەی پرساندنەکەی ترەمپ دا کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە ئاراستە کراوە، ناوبراو تۆمەتی ورووژاندن بۆ بشێوی نانەوەی خراوەتە سەر.

ئەنجومەنی نوێنەران دوای پێنج کاژێر پرس و ڕاوێژ نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە بۆ پرساندن دەستی کرد بە دەنگوەرگرتن کە ٢٣٢ کەس ڕەزامەند بوون بە پرساندنەکەو ٢٠٢ کەسیش دژایەتییان کرد.

٩ کەس لە کۆماریخوازانیش چوونە ڕیزی داکۆکیکارانی پرساندنەکەی ترەمپ.

دۆسشیەی پرساندنی «ترەمپ» لە پاشان دەبێ ڕەوانەی ئەنجومەنی سێنا بکرێت ھەتا لەو بەروارەی کە لە لایەن «میچ مەک کانل» ڕابەری زۆرینەی کۆماریخوازان  بە ڕەزامەندیی «چاک شومەر»ی ڕابەری کەمینەی دیموکراتەکان دیاریی دەکرێت، دادگای پرساندنەکە بەڕێوە بچێت.

ئەگەر بێتو پرساندنەکە لە ئەنجومەنی سێنای ئەمریکاش بە دەنگی دوو لە سێی سێناتۆرەکان سەرکەوتوو بێت، ئیدی ترەمپ لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوەو دەستەڵاتی دەوڵەت دەسپێردرێت بە «مایک پێنس»ی یاریدەری.

«ترەمپ» ھەتا کۆتایی ھاتنی فەرمیانەی  دەوڵەتەکەی تەنیا حەوتەیەکی ماوەو ڕوون نییە سێنا بۆ دادگایی کردن کەنگێ کۆبوونەوە دەکات.

سەرپەیڤ