کانونی دوھەم 20, 2021 21:33 Asia/Tehran
  • بایدێن: توندئاژۆیی و تیرۆریزمی نێوخۆیی گرفتی داھاتووی ئەمریکایە

«جۆ بایدێن» سەرۆک کۆماری تازەی ئەمریکا دوای سوێند خواردن لە لێدوانێکدا بە ھێنانە ئاڕای ئەمەی کە «ئەمڕۆ ڕۆژی دیموکراسی و ڕۆژی ئەمریکایە»و ئەمەش کە«ئەمریکا لە گەڵ دنیا پەیوەندی دادەمەزرێنێت» وتیشی: تیرۆریزمی نێوخۆیی و توندئاژۆیی گرفتی داھاتووی ئەمریکایەو دەبێ بەسەری دا زاڵ بین.

سەرۆکایەتیی «جۆ بایدێن» وەکو چل و شەشەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی پێنج شەممە بەکاتی تاران و دەستبەجێ دوای سوێند خواردنی خۆی و «کامیلا ھەریس»ی یاریدەری بە شێوەیەکی فەرمیانە دەستی پێکردو ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە بە پێچەوانەی دابی ھەمیشەیی وەھا ئاھەنگێک کە دەبێ سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا لە ئاھەنگەکەدا ئامادە بن، «دۆناڵد ترەمپ» لە ئاھەنگەکەدا دیار نەبوو. بەڵام سێ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا واتە «باراک ئوباما»، «جۆرج دەبڵیۆ بوش» و «بیل کڵینتۆن» و «مایک پێنس»ی یاریدەری «ترەمپ» ئامادەی ئاھەنگەکە بوون.

«جۆ بایدێن» لە یەکەم لێدوانی دوای بە ئەستۆ گرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەم ڕۆژەی ئەمریکا ڕۆژی دیموکراسی و بڕیارێکی لێببڕاوانەیە.

«بایدێن» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بە بێ یەکگرتن، ئاشتی و ئاسایشتێکیش بەدی نایەت، وتیشی: جارێکی تر ئەمریکا بەرەوڕووی گرفت بووەوەو ھەستایەوە. دەزانم کە ئەمریکییەکان بە دڕدۆنگییەوە سەیری داھاتوو دەکەن و پەرۆشی ئیش و کاری خۆیانن.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمڕۆ ڕۆژی زاڵ بوونی ڕێبازی دیموکراسییە نەک پاڵێوراوێکی سەرۆک کۆمارەتی، وتیشی: دیموکراسی دەستەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، ئێستاکە لەم شوێنە پیرۆزەداین لە کاتێکدا کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش توندوتیژی بە تەما بوو کۆنگرێس تێک چڕژێنێ، ئێمە یەک نەتەوەین.

ناوبراو بەم بانگەشەیەی کە لەگەڵ دنیادا ھەڵس و کەوت و پەیوەندیمان دەبێت ھەتا نەک ھەربەسەر گرفتەکانی دوێنێ دا بەڵکو بەسەر گرفتەکانی ئەمڕۆش دا زاڵ بین، وتیشی: ئەمریکا دەبێتە ھاوبەشێکی دڵنیا بۆ ئاشتی و ئاسایشت.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتیشی: توندوتیژی و تیرۆریزمی نێو خۆیی و ھەروەھا گۆڕدرانی کەش و ھەوا گرفتێکی دیکەی بەردەممانە، دەبێ لەم بوارەش دا یەکانگیر بین.

سەرۆک کۆماری تازەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە، نابێ پرس و بابەتێک سەرلەبەر ببێتە ڕق و ئاگر، ھەر نەیارەتییەک نابێ ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی شەڕو تێکھەڵچوون.

«بایدێن» وێڕای ئاماژە کردن بە ئاژاوەنانەوەی لایەنگرانی «ترەمپ» لە ١٧ی بەفڕانباردا وتی: ئەو حەشیمەتە قەڵس و توڕەیە لایان وا بوو کە دەتوانن خواستی جەماوەر دامرکێننەوە و دیموکراسی بخەوشێنن، ئەو نیازەیان سەری نەگرت و قەتیش سەر ناگرێت.

سەرۆک کۆماری تازەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند کە: من بەڵێن دەدەم کە سەرۆک کۆماری تەواوی ئەمریکییەکان بم ، بۆ ئەوانەش کە داکۆکییان لێ نەکردووم ھەر بە قەدەر ئەوانەی کە داکۆکی و پشتیوانییان لێ کردووم  ھەوڵ دەدەم .

سەرپەیڤ