ئادار 05, 2021 10:48 Asia/Tehran
  • پاپا: دۆعا بکەن بەشکو  سەردانەکەم بەباشترین شێوە ئەنجام بگرێت و بەرھەمی باش و بەکەڵکی لێ بکەوێتەوە

«پاپا فرانسیس» بەر لە دەست پێکردنی گەشتەکەی بۆ عێراق لە توییتێکدا داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات ھەتا بە دۆعای خێر بەڕێی بکەن.

«پاپا فرانسیس» ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان کە ماوەیەکە گەشتەکەی بۆ وڵاتی عێراق بووەتە جێگای سەرنجی تەواوی  خەڵک و میدیاکانی جیھان و بە تایبەت جەماوەری وڵاتی میواندار، ڕۆژی ڕابردوو لە سەروبەندی وەڕێ کەوتنی بەرەو عێراق وە دەست پێکردنی گەشتەکەی بۆ عێراق داوای لە شوێنکەوتووانی خۆی کرد کە دۆعای بەخێری بۆ بکەن ھەتا سەردانەکەی بە باشترین شێوەو بە ئاکامێکی ئەرێنی و کاریگەر کۆتایی پێ بێت.

ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان لە پەیامێکدا کە لە ڕێگای توییتێرەوە بڵاوی کردەوە ڕوو لە شوێنکەوتووانی ڕایگەیاند: سبەینێ بە مەبەستی ئەنجام دانی گەشتێکی چەند ڕۆژە سەردانی عێراق دەکەم. من لە مێژە بە تەمام چاوم بەو خەڵکەی کە توشی ئەو ھەموو کوێرەوەری و مەینەتییە ھاتوون، بکەوێت و لە نزیکەوە بیانبینم، کەوا بوو داوا لە ئێوەش دەکەم کە لەم گەشتەم دا بە دۆعای بەخێر یاوەریم بکەن،بەشکو بەباشترین شێوە ئەنجام بگرێت و بەرھەمی باش و بەکەڵکی لێ بکەوێتەوە.

ئەمڕۆ ھەینی پێنجی ئازاری ٢٠٢١ «پاپا فرانسیس» پاپای ڤاتیکان و ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان سەردانی عێراق دەکات و رۆژی ٧ی ئەم مانگەش دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ