نیسان 29, 2021 08:13 Asia/Tehran
  • ئەمریکا: تورکیا با کڕینی «ئێس_چوارسەد»ی ڕووسیا ڕابگرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای بەرەڤانی کردن لە ڕاگەیاندنی جاڕنامەکەی «بایدێن» لەمەڕ بە فەرمی ناسینی ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان، داوای لە تورکیا کرد کە کڕینی «ئێس_چوارسەد»ی ڕووسیا ڕابگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئانتۆنی بلینکێن» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی ئۆنلاین لەگەڵ پەیامنێرانی بیانیی دانیشتووی ئەمریکا ئەم بابەتەی ھێنایە ئاراوەو وتیشی: جاڕنامەکەی ٢٤ی ئاپریلی سەرۆک کۆمار «بایدێن» شتێکی سەیروسەمەرە نەبوو، چونکو لە سێناو بەدرێژایی ململانێی ھەڵبژاردنیش باسی کردبوو.

وتیشی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەر لە ھەمان ڕۆژی سەرەتاوە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە سوورە لە سەر ئەوەی کە مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ناخی سیاسەتی دەرەوەیی دا بگونجێنێ، بە دڵنیاییەوە زانینی دێرووک و دڵڕەقییەکانی ڕێگر دەبێ لە بەر دەم دووپات بوونەوەی ڕووداوەکانی لە چاخی ئێستادا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەر چۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش پێی لە سەر داگرتووە، یاد کردنەوەی ئەم ڕۆژە بۆ ڕێزنان لە قوربانییەکانە نەک سەرکۆنەکردن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: کڕینی سیستێمی «ئێس_چوارسەد» تەکنۆلۆژیاو ھێزەکانی ئەمریکی و ھاوپەیمانەکانمان دەخاتە مەترسییەوە و لە بەرامبەردا دەبێتە ھۆی بەرز بوونەوەی ئاستی داھاتی و کنەی زیاتری ڕووسیا.

 

سەرپەیڤ