May 10, 2021 15:39 Asia/Tehran
  • لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک دەڵێ ژمارەی مردن بەکۆرۆنا لە جیھان دا دوو هێنده‌ى ژمارە فەرمییەکانه‌

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئه‌مریکی ئاشکرایکردوه‌، ژمارەی ئەوکەسانەی تائێستا بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە حه‌وت ملیۆن کەسە، لەکاتێکدا بەپێی ژمارە فەرمییەکان تائێستا نزیکەی سێ ملیۆن‌و 250 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەشێک لەچاودێرانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن، ئەو ژمارەیەی لێکۆڵینەوەکە بڵاویکردۆتەوە لەڕاستییەوە نزیکترەو بەشێکیشیان پێیانوایە زۆر زێادەڕەویی تێداکراوە.

ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لەلایەن پەیمانگای پێوەرە تەندرووستیی‌و هەڵسەنگاندنەکانی زانکۆی واشنتۆن کراوە دەڵێت:"لەئه‌مریکا 950 هەزار کەس بەکۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، کە ئەوەش لە 57%ی ئەو ژمارەیە گەورەترە کە دەوڵەت بەفەرمی ڕایگەیاندووە".

هەروەک بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئه‌مریکی، ئامارەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینزی ئه‌مریکی ئەوەیان ئاشکراکردووە، ژمارەی فەرمیی گیانلەدەستدان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەئه‌مریکا گەیشتۆتە 580 هەزار کەس.

لێکۆڵینەوەکە جەختیکردۆتەوە، تا ئەو بەروارە نزیکەی حه‌وت ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا بەهۆی تووشبوونیان بەکۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش دوو ئەوەندەی ئەو داتایانەیە کە زانکۆی جۆنز هۆپکینز بڵاویکردۆتەوە، بەوپێیەی ئەو زانکۆیە لەلایەن دەسەڵاتی تەندروستیی ئه‌مریکا ڕاسپێردراوە بۆئەوەی ئامارەکانی تووشبوون‌و گیانلەدەستدان بەڤایرۆسەکە کۆبکاتەوە.

باس لەوەشدەکرێت، لەکاتێکدا بەشێک پێشوازیان لەلێکۆڵینەوەکە کردووەو وتویانە ژمارەکانی سەبارەت بەوانەی بەکۆرۆنا مردوون وردتر‌و زیاتر لەڕاستییەوە نزیکن، لەبەرامبەردا هەندێکی تر دەڵێن ئەو ژمارەیە زیادەڕەوییەکی زۆری تێداکراوە.

سەرپەیڤ