حوزه‌یران 07, 2021 16:20 Asia/Tehran
  • داوای 100 کاربەدەستی باڵای پێشووی جیھان :وڵاتانی جی حەوت تێچووی ڤاکسینی هەموو جیهان دابین بکەن

لەسەروبەندی کۆبوونەوەی لوتکەی جی حەوتدا 100 سەرکردەی پێشووی وڵاتانی جیاجیا داوا دەکەن حەوت وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان کۆی تێچووی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان بگرنە ئەستۆ.

 

لە نامەیەکدا 100 سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوەی پێشووی وڵاتانی جیاجیا داوایان کردوە، وڵاتانی ئەندامی جی حەوت کە پێکدێت لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن و کەنەدا لەگەڵ 20 وڵاتی ئەندامی جی 20 کۆی تێچووی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە وڵاتانی دیکەی جیهان دابینبکەن.

راشیانگەیاندووە، هەوڵە جیهانیەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام دەکرێت لە ساڵی 2021دا پەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، هەروەک راشیانگەیاندووە، دابینکردنی تێچووی کڕینی ڤاکسین بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکوو دواجار لە بەرژەوەندی وڵاتە دەوڵەمەندە پیشەسازییەکاندایە.

بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو کۆبوونەوەی لوتکەی جی حەوت لە لەندەن بەڕێوەبچێت و پرسی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەیە.

سەرپەیڤ