تەرمی ئارتین ، زارۆکە پەناخوازە سەردەشتیەکە لە نەرویژ ناسرایەوە
میدیاکان باسی توێژینەوەی پۆلیسی نەرویژ لە سەر تەرمی ئەو زارۆکە کوردە دەکەن کە پێشتر لە لێوارەکانی رۆژاوای ئەم وڵاتە دۆزرابووەوە .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی نەرویژ تەرمی ئارتین ئێران نژاد ی 15 مانگە ، رۆژی یەکی ژانیڤەری رابردوو لە لایەن ماسیگرێک لە شاری کارمۆی نەرویژ دۆزرابووەوە . دەگوتری دوای چەندین مانگ چاوەڕوانیی لێکۆڵینەوەکان ، پۆلیس بە گەڕانەوە بۆ دی ئێن ئەی یەکێک لە خزمانی بنەماڵەی ئێران نژاد بە ئەنجام گەیشتووە .
بەپێی راگەیاندنی پۆلیس ، تەرمی ئەو زارۆکە لە نێو ھێلەکی رزگاربوونی گەورەکان دا بووە و بە ھۆی مانەوەی زۆر لە ئاودا چی وای لێ نەماوە چونکە زیاتر لە دوو مانگ لە نێو ئاودا ماوەتەوە .
رەسوڵ ئێران نژاد 35 ساڵان ، شیوا محەمەد پەناھی 35 ساڵان ، ئانیتا 9 ساڵان ، ئارمین 6 ساڵان و ئارتینی 15 مانگە رۆژی شەشی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو لە کاتی تێپەڕین لە کاناڵی مانش گیانیان لەدەستدا .
ئەم بنەماڵەی خەڵکی سەردەست لە گەڵ 18 کەسی دیکە لە بەلەمێک دا بوون کە لە فەڕەنسەوە بەرەو بەریتانیا دەڕۆیشت کە نوغرۆ وو .
تەرمی ئارتینی 15 مانگە دوای دوو مانگ ھەڵوەدایی لە دەریای باکوور ، نزیک بە ھەزار کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە .