حوزه‌یران 24, 2021 19:59 Asia/Tehran
  • لێپێچینەوەی دادگەیەکی ئەمریکا لە سێ کاربەدەستی پێشووی دەوڵەتی عەرەبستان

دادگەیەک لە ئەمریکا بە نیازە لە سێ کاربەدەستی پێشووی سەعودی لەبارەی ھەگەری دەست ھەبوونیان لە ڕووداوەکەی ١١ی سپتامبەر لێپێچینەوە بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی گارییەن، «عومەر بەیومی»،« فەھەد زەمیری» و «مەسعەد جەڕڕاح» لە کاربەدەستانی پێشووی دەوڵەتی عەرەبستانن کە بە گومانی پەیوەندی و یارمەتی دانی چەند فڕۆکەڕفێنی ئەندامی تاقمی تیرۆریستی قاعیدە دەکەونە بەر لێپێچینەوە. ئەم کەسانە بە دیاری کراوی تۆمەتی یارمەتی دانی «خالید مەزھەر»و«نەواف ھەزمی» ئەو دوو تیرۆریستەی ئەندامی قاعیدەیان لە سەرە کە بە فڕۆکە ڕفێندراوەکان، ڕووداوی ١١ی سپتامبەریان خولقاند.

پارێزەرانی بنەماڵەکانی قوربانیانی ڕوودای ١١ی سپتامبەر بەدووی لێپێچینەوە لەم کەسانە و ڕوون بوونەوەی ڕۆگێڕانیان لە بەستێن خۆش کردن بۆ ئەنجام گرتنی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەن. دەوڵەتی عەرەبستان ھەتا ئێستا لە بارەی لێپێچینەوە لە کاربەدەستانی پێشووی خۆی ھیچ کاردانەوەیەکی پیشان نەداوە.

ئەم سێ کاربەدەستەی پێشووی دەوڵەتی عەرەبستان سیخوڕو دیپلۆماتەکانی ئەم وڵاتە لە واشێنگتۆن و لۆس ئاجلێس بوونە. دوابەدوای لێکۆڵینەوەی بەربڵاوی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لە بارەی ڕووداوی ١١ی سپتامبەرەوە ناوی ئەم سێ شارومەندەی سەعودی لەقاو درا.

لە ڕووداوەکەی ١١ی سپتامبەری ساڵی ٢٠٠١ لە ئەمریکا، نزیکەی سێ ھەزار کەس کوژران و پتر لە شەش ھەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرپەیڤ