چاوی ئاگر لەناو دڵی زەریادا خۆی دەرخست
زوومی کامێراکان دیمەنێکی سەرسوڕهێنەر تۆماردەکەن، دوای ئەوەی بۆرییەکی گاز لەنێو قوڵایی کەنداوی مەکسیک لە زەریای ئەتڵەسی دووچاری تەقین و گڕگرتن و بڵێسەی بەتین دەبێت، بەو هۆیەوە زۆرێک گرتە ڤیدیۆیەکەیان هاوبەشی پێکردووە.
ڕۆژنامەی زە سەنی بریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی تەقینی یەکێک لە هێڵەکانی بۆری گاز لە نزیک دوورگەی (یۆکاتان) لە زەریای ئەتڵەسی، وەک دەڵێن چاوێکی گڕاوی لەنێو دڵی زەریاکەدا بڵێسەی بەتین دەدات و دیمەنێکی ئەفسوناویی دروست دەکات.
وەک دەبیندرێت ئاگرەکە بەشێوەی بازنەیی گڕی دروستکردووە و ڕۆچووەتە نێو ئاوی زەریاکەوە، هێندە بەهێز و بەتینە کۆنترۆڵی ئاوەکەی کردووە و لەنێویدا خامۆش نەبووە.
کۆمپانیایەکی بواری سوتەمەنی کە سەربە حکومەتی مەکسیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ماوەی پێنج سەعات ئاگرەکە بەردەوامی هەبووە و دواتر لەلایەن تیمەکانی تایبەتی فریاگوزارییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
کۆمپانیای پیمێکسی سەربە حکومەتی مەکسیک ڕایانگەیاندووە کە لە پێنجی سەرلەبەیانی ئاگرە دزەی کردووەتە نێو هێڵی بۆری غازەکەوە، وێڕانی ئەوەی بەربەستی بۆ دروست دەکەن و ڕێگریی لە چوونی گاز دەکەن، بەڵام پێنج سەعاتی ویستووە بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەرپرسانی بواری سوتەمەنی لە مەکسیک تیشکیان خستووەتە سەر مەترسی ئەو جۆرە ڕووداوانە، لەبەرئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە و کارەساتی مەترسیدار دەڕەخسێنن.