ئاب 15, 2021 23:03 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی تالیبان لە کابۆل بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی گواستنەوە

کادێرانی سەرکردایەتیی تالیبان بە نێوەندگریی «حامید کەرزەی» سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان و «عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا» سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێککەوتنی ئەفغانستان گەییشتە مەیدانی «ھەوایی» کابۆلی پێتەخت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس لە کابۆلەوە، کادێرانی سەرکردایەتیی تالیبان بڕیارە بۆ دانوستان لە ئەرگی سەرۆک کۆمارەتیی ئەفغانستان لە کابۆل ئامادە ببێت و «عەلی ئەحمەد جەلالی» لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە بۆ ماوەی شەش مانگ سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی حکومەتی گواستنەوە لە ئەفغانستاندا بە ئەستۆ بگرێت.

عەلی ئەحمەد جەلالی

«جەلالی» خوێندنی لە زانکۆی سەربازیی ئەفغانستان تەواو کردووەو پێشتر وەزیری نێوخۆی ئەم وڵاتە بووەو بۆ ماوەی بیست ساڵیش وێژەری ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھێندێک لە سەرچاوە ھەواڵییەکان، «ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەفغانستانیش ئێوارەی ئەمڕۆ کابۆل بەجێ دێڵێ.

بەرلەمە تالیبان لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند بوو کە ھێزەکانی قەت بە شەڕو زەخت و زۆرەوە ناچنە نێو کابۆل.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تالیبان لە ئەفغانستانیش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ھەواڵدەریی «ئێران پرێس» لە بارەی بڕیاری تالیبان سەبارەت بە کابۆل وتبووی: تالیبان ھێرشی سەربازی ناکاتە سەر کابۆل.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە قسەی وەزارەتی نێوخۆی ئەفغانستان، ھێزەکانی تالیبان ئەمڕۆ لە چەند دەڤەرەوە چوونەتە نێو کابۆلەوە. بڕێک لە سەرچاوەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە  کە ئەو ھێزانەی تالیبان بەبێ شەڕ چوونەتە نێو کابۆلی پێتەختەوە.

«ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەفغانستانیش لە وڵات چووە دەرەوە.

«ئەشرەف غەنی» ئەفغانستانی بەجێ ھێڵا

کەناڵی تەلەفزیۆنیی تولوع نیوزی ئەفغانستان ڕایگەیاند: «ئەشرەف غەنی» لەگەڵ چەند ئەندامێکی کابینەکەی ئەفغانستانی بەجێ ھێڵاو گەییشتە تاجیکستان.

ھەر لەم کاتەدا ڕۆژنامەی «ئایشا پلاس»ی تاجیکستان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی گەییشتنی «ئەشرەف غەنی» و «حەمدوڵڵا موحیب» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانی و «مەحمود فەزڵی» سەرۆکی ئیدارەی کاروباری سەرۆک کۆمارەتیی ئەفغانستان بە دووشەنبەی پێتەختی تاجیکستان، نووسی: غەنی و ھاوڕێکانی ئەم وڵاتەشیان بە مەبەستی وڵاتێکی تر بەجێ ھێڵاوە.

کاربەدەستانی دەوڵەتی کابۆل لەم پەیوەندییەدا بێ دەنگەیان لێکردووە، بەڵام «عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێککەوتنی نیشتبمانیی ئەفغانستان لە توییتێکدا چوونە دەرەوەی غەنی لە ئەفغانستانی پشتڕاست کردەوە.

 

 بۆ دیتنی دوایین گۆرانکارییەکانی ئەفغانستان دەتوانن سەردانی لینکی خوارەوە بکەن :

https://b2n.ir/g66887

سەرپەیڤ