ناتۆ: ئەوەی لە ئەفغانستاندا ڕووی دا لەبەریەک ھەڵوەشانەوەیەکی سیاسی و سەربازی بوو
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە شکست ھێنانی کاربەدەستانی ئەفغانی لە بەرامبەر تالیبان ڕەخنەی گرت و لەوەی وا ھێزەکانی ناتۆ لەو وڵاتە ئەنجامیان داوە، بەرەڤانیی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، «یێنس ستۆلێتێنبرگ» سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕۆژی سێ شەممە لە پرێس کۆنفرانسێک دا وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لە ڕەوشتی ئێستای ئەفغانستان وتی: ئەوەی وا لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو بەدی کرا، لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی ئەفغانستان و ھێزەچەکدارەکانی بە خێراییەک بوو کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد، ئێمە بە ھیوابووین کە دەوڵەتی ئەفغانستان لە بەرامبەر تالیباندا پتەو ڕاوەستێت،بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە درێژەدا وێڕای بەرەڤانی کردن لە ھێزەکانی ناتۆ بانگەشەی کرد: ھێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستاندا بوێرانە شەڕیان کرد، بەڵام لە دابین کردنی ئاسایشتی ئەو وڵاتە سەرکەوتوو نەبوون و ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاربەدەستانی سیاسیی ئەفغانستان لە بەرنگار بوونەوەی تالیبان و گەییشتن بە ڕێگاچارەیەکی ئاشتیانە دەستەوەستان بوون.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ھەروەھا وتی: وڵاتانی ناتۆ کاتێک کە بڕیاریان دا لە ئەفغانستان بکشێنەوە، ئاگایان لە ھەگەری داگیرکرانی ئەم وڵاتە لە لابەن تالیبانەوە ھەبوو.
ئەم کاربەدەستە ئەورووپییە ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە دوای دوو دەیە ئامادە بوون لە ئەفغانستاندا ھیوای بە مسۆگەر بوونی دەرەنجامێکی باشتر نییە، بانگەشەی کرد: ئەفغانییەکان ئەوە بۆ دوو دەیە دەڕوات کە لە ئارادی و دیموکراسی دا پێشکەوتوون و ئەوەی وا خەریکە ڕوو دەدات تراژیدیایە.