ئاب 23, 2021 15:23 Asia/Tehran
  • «بن لادەن » نەیاری کوشتنی «جۆ بایدێن» بووە

بە پێی بەڵگەیەکی ئاشکرا بوو، «بن لادەن »ی سەرۆکی ئەلقاعیدە لە ساڵانی ڕابردوو داوای لە چەکدارەکانی کردووە کە ئاگایان لە «جۆ بایدێن» بێت و نەیکوژن.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی «دەیلی مەیلی» بریتانی، دەقی نامەیەکی «ئوسامە بن لادن» سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدەی ئاشکرا بووە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوەو تیای دا «بن لادن»  داوای لە چەکدارانی قاعیدە کردووە لەکاتی سەردانیکردنی بۆ ئەفغانستان یان پاکستان «جۆ بایدێن» سەرۆکی ئێستا و جێگری سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا نەکوژن.

بە قسەی ئەم رۆژنامە بریتانییە نامەکە لەکاتی کوژرانی «ئوسامە بن لادن» لەلایەن هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ دەستی بەسەردا گیراوەو داگری ٤٨ پەڕەیەو لە پەڕەی ٣٦ی دا کە ئاڕاستەی کەسێک بەناوی «شێخ مەحمود» کراوە هاتووە، «ئوسامە بن لادن» دەیەوێت دو تیمی تایبەتی تیرۆرکردن لە ئەفغانستان و پاکستان پێکبهێنێت. ئامانجی ئەو تیمەش کوشتنی «باراک ئۆباما» سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا و «دەیڤید پترائۆس»ی سەرۆکی CIA ــە. لەنامەکەدا «بن لادن» باسی ئەوەی کردووە کە لەکاتی کوژرانی «ئۆباما»دا، «بایدێن» دەبێت بە سەرۆک کە «لێهاتویی نیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە».

بەڵگەنامەکە بۆیەکەمجار ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە و «بن لادن» نوسیویەتی: «ئۆباما» سەری مارەکەیە و بەکوشتنی، «بایدێن» بەتەواوی دەسەڵاتەکانی وەردەگرێت. ئینجا بە سەرنجدانی ئەوەش کە «بایدێن» لێھاتویی  بۆ ئەو کارە نییە ئەمریکا بەرەو قەیران دەبات.

سەرپەیڤ