دانوستانی شاندی تالیبان لەگەڵ نوێنەرانی «پەنجشیر» لە «چاریکار»
شاندێکی بەرخۆدانی جەماوەری «پەنجشیر» لەگەڵ دەستەیەک لە فەرماندەرانی تالیبان لە شاری «چاریکار»ی ناوەندی ویلایەتی «پەروان»ی ئەفغانستان وتووێژیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئاوا، «عەبدولحیفز مەنسوور» ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە: ھەردووک لا لەم دیدارەدا لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون کە خۆیان لە ھەڵکوتانە سەر بنکەوبارەگای یەکتر ببوێرن و لە سەر ھەوڵی ئاشتی خوازانەیان بەردەوام بن.
ئەمە بۆ یەکەمجارە کە شاندێکی تالیبان و سەرکردەکانی ژێر فەرمانی «ئەحمەد مەسعود»ی کوڕی پاڵەوانی نیشتیمانیی ئەفغانستان پێکەوە وتووێژ دەکەن.
ئەم لە کاتێکدایە کە بەرلەمە تالیبان ھەڕەشەی کرد بوو کە ئەگەر بێتو وتووێژەکان بە ئەنجام نەگات، لە ڕێگای تەوژم و زۆرەوە «پەنجشیر» داگیر دەکەن.
«ئەحمەد مەسعود»یش کە ھێشتا کۆنترۆڵی ناوچەی «پەنجشیر»ی ئەفغانستانی بە دەستەوەیە ڕایگەیاندوە کە ئەم ناوچەیە ڕادەستی تالیبان ناکات.