حزبی سۆشیال دیموکرات هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیای بردهوه
هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا کۆتایی پێهات و حزبی سۆشیال دیموکرات بە کۆکردنەوەی 25.8 %ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، حزبەکەی ئهنگێلا مێرکڵ، یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان پێکەوە بەشدار بوون لە هەڵبژاردنەکاندا و 24.1 %ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
حزبی سەوزیش 14.6 % و حزبی لیبڕاڵی دیموکراتی ئازادیش 11.5 %ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
کاندیدی حزبەکانی یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان ئارمین لاشێت و کاندیدی حزبی سۆشیال دیموکرات کە جێگری راوێژکاری ئەڵمانیاشە ئۆلاف شۆڵز کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی کامیان ببنە رابەری گەورەترین ئابووری ئەوروپا، لەکاتێکدا ئانگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا دوای 16 ساڵ لەسەر دەسەڵات، دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
بەپێی ئەوەی هیچ کام لە حزبەکان 30 %ی دەنگەکان یاخود زیاترییان بەدەست نەهێناوە، هیچ کام لە حزبەکانی ئەڵمانیا نابنە زۆرینە، بۆیە حزبێک بە تەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
کاندیدە هەڵبژێردراوەکان پێدەچێت حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن، بەڵام رێککەوتن لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت، هەروەها لەوانەیە حزبە بچوکەکانی دیکەی وەکو حزبی سەوز و حزبی لیبڕاڵی دیموکراتی ئازادیش لە خۆبگرێت.
ئۆلاف شۆڵز، کاندیدی حزبی سۆشیال دیموکرات وتی: "ئێستا لە سەرجەم ئامارەکاندا لەپێشەوەین".
وتیشی: "ئەوە پەیامێکی هاندەرە و فەرمانێکی روونە لەسەر ئەوەی حکومەتێکی باش و کرداری بۆ ئەڵمانیا پێکبهێنین".
لەلای خۆیەوە ئارمین لاشێتی، کاندیدی حزبەکانی یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان وتی: "هەموو جارێک بەوشێوەیە نەبووە راوێژکاری ئەڵمانیا لە حزبی یەکەمدا بێت".
وتیشی: "حکومەتێکم دەوێت سەرجەم هاوبەشەکان بەشداربن تیایدا، هەمووان ببیندرێن، نەک حکومەتێک کە تەنها راوێژکار تیایدا بدرەوشێتەوە".
هەریەک لە شۆڵز و لاشێت ئاماژەیان بەوەدا دەیانەوێت بەر لە کریسمس هاوپەیمانێتیە نوێیەکە پێکبهێنن.جێی ئاماژەیە بۆچوونەکانی لاشێت و شۆڵز سەبارەت بە کێشە سەرەکیەکان جیاوازن، لەوانەش بابەتی باج.
لاشێت پێی وایه، نابێت باج زیاد بکرێت لەکاتێکدا ئەڵمانیا زیانێکی گەورەی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرکەوتووە، بەڵام شۆڵز داوا دەکات باج لەسەر دەوڵەمەندەکانی ئەڵمانیا زیادبکرێت، هەروەها پشتیوانی لە زیادکردنی کرێی کرێکاران دەکات.