تشرینی یه‌که‌م 28, 2021 23:29 Asia/Tehran
  • «عەلی باقری» لە کاتی گەییشتنی بە مۆسکۆ: وتووێژی تازە بەس بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان ئەنجام دەگرێت

«عەلی باقری» یاریدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە بە مەبەستی ئەنجام دانی وتووێژی دوو قۆڵی لەگەڵ «سێرگێئی ڕیابکۆف»ی ھاوتای ڕووسی خۆی سەبارەت بە خولی تازەی دانوستانی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتی ملھوڕانەی دژی گەلی ئێران گەییشتە مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «باقری» ھەرکە گەییشتە مۆسکۆ جەختی کرد: بە پێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ وڵاتانی تاقمی چوارو یەک کراوە، وتووێژی دوو قۆڵی لەگەڵ ھەر کام لەو وڵاتانە بەس بۆ ھاوبیروڕایی لە بارەی دانوستانی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتی ملھوڕانەی دژی گەلی ئێران ئەنجام دەگرێت و ھەر لەم چوارچێوەیەدا بە پێی بانگێشتنی «ڕیابکۆف» یەکەم خولی ئەم وتووێژانە لەگەڵ لایەنی ڕووسی ئەنجام دەگرێت.

یاریدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە دانوستانی تازە بەس بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتە نایاساییەکەی ئەمریکا ئەنجام دەگرێت، وتیشی: دانوستان لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان بە بەشداریی سێ وڵاتەکەی ئەورووپاو چین و ڕووسیا دەست پێ دەکاتەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی «عەلی باقڕی» وەکو یاریدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕوسیایە. ناوبراو لەم سەردانەی دا جیا لە دیدار لەگەڵ «سێرگێئی» ڕبابکۆفی ھاوتای ڕووسیی خۆی چاوی بە «میخائیل بۆگدانۆف» نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقیاش دەکەوێت و وتووێژی لەگەڵ دەکات.

سەرپەیڤ