تشرینی دووه‌م 08, 2021 22:02 Asia/Tehran
  • بۆ رێگرى کردن لە لێشاوى کۆچبەران پۆڵەندا بارى لەناکاوى راگەیاند

وەزیری بەرگریی نیشتمانیی پۆڵەندا ڕایگەیاند بە مەبەستی ڕێگری کردن لە لێشاوی کۆچبەران، بارز لە ناکاو ڕاگەیێندراوە.

 

ماریوس بوڵشتاگ وەزیرى بەرگرى نیشتمانى پۆڵەندا رایگەیاند: بۆ رێگریکردن لە هاتنەناوەوەى لێشاوى کۆچبەران، (12) هەزار سەربازمان لەسەر سنوورەکانى پۆڵەندا و بیلارووسیا خستۆتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و لەئێستادا لە ئەرکدان و لەو سنورانە بڵاوەیان پێکراوە.

ناوبراو وتیشى،" بەهاوکارى لەگەل وەزارەتى ناوخۆ رێگرى دەکەین لە لێشاوەکە و بارى لەناکاو لە وڵات راگەیەنراوە".

لاى خۆیەوە، وتەبێژى هێزە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە وتى، ئەو کۆچبەرانە دەیانەوێت بێنە ناو خاکى پۆڵەنداوە و لەئێستادا لەسەر سنورەکان کۆبونەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە سێ مانگە لێشاوێکى کۆچبەران کە زۆرینەیان کورد و ئەفغانى و سورین، لە خاکى بیلاروسیاوە سنورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا دەبەزێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا، لەئەمڕۆشەوە کۆچبەران بە کۆمەڵ  گردبونەتەوەو دەیانەوێت بە کۆمەڵ بچنە ناو خاکى پۆڵەنداوە و لەوێشەوە بڕۆنە وڵاتانى ئەوروپا.

بەپێى زانیارییەکانى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، تائێستا شەش کۆچبەرى کورد لە سنورەکانى بیلاروسیا و پۆڵەندا گیانیانلەدەستداوە و بەشێکیشیان لە کامپەکانى لیتوانیا و پۆڵەندا ماونەتەوە و ژمارەیەکى زۆریشیان خۆیان گەیاندۆتە ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانى دیکەى ئەوروپى.

دواى ئەوەى حکومەتى بیلاروس کارئاسانى بۆ کۆچبەران کرد تا خاکى وڵاتەکەیان بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا، ژمارەیەکى زۆرى کۆچبەر لە عێراق و هەرێمى کوردستان و سوریا و ئەفغانستان و وڵاتانى ئەفریقا، رویان لە مینسکى پایتەختى بیلاروس کرد و لەوێشەوە بۆسەر سنورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا.

سەرپەیڤ