تشرینی دووه‌م 22, 2021 10:17 Asia/Tehran
  • پۆڵەندا سنوورەکانی لە رووی پەناخوازان  توندتر دەکاتەوە

لەگەڵ بەردەوامیی فشارەکانی پۆلیس و سوپای بیلاڕوسیا بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران لە ‏سنوورەکانەوە تا بگەنە یەکێتیی ئەوروپا، پۆڵەندا بە هاوکاریی یەکێتییەکە سنوورەکانی ‏زیاتر توندتردەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەنداش دەڵێت، “شەڕی ساردی بیلاڕوس ‏لەگەڵمان گەیشتووەتە لوتکە”.‏

 

ماتیوز مۆراڤیسکی، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، لەبارەی بەردەوامیی مانەوەی کۆچبەران ‏لەسەر سنوور ڕایگەیاندووە، “لۆکاشینکۆ (سەرۆک کۆماری بیلاڕوسیا) جەنگێکی ‏ڕێکخراوی لەگەڵ ئەوروپا ڕاگەیاندووە و کۆچبەران یەکێکە لە فشارەکانی، بەڵام پۆڵەندا ‏خۆی بەدەستەوەنادات و بەردەوامە لە پاراستنی سنوورەکانی”.‏

سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕوسیاشی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەپشتی “جەنگە ‏ڕێکخراوەکە”ی بیلاڕوسیاوەیە.‏

ئێستا پرسی کۆچبەران و مانەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لەسەر سنوورەکان، ‏پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی نزیک لە بیلاڕوسیای کۆکردووەتەوە.‏

زمانی قسەکردنی بیلاڕوسیا لەبارەی یەکێتیی ئەوروپاوە نەرمترە و تەنها ڕەخنەدەگرێت لە ‏یەکێتیی ئەوروپا کە مافی ئەو کۆچبەرانە نادات کە دەیانەوێت بچنە یەکێتی ئەوروپاوە.‏

لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ پۆڵەندای بەوە تۆمەتبار کرد، ‏کە ژەهری خستووەتە ئەو ئاوەی دەیپرژێنێت بەسەر کۆچبەراندا.‏

ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە، زیاتر ‏کۆچبەری کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستاش سەدان کۆچبەر سوورن ‏لەسەر بەردەوامیدان بەڕێگاکەیان، بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.‏

سەرپەیڤ