تشرینی دووه‌م 27, 2021 09:27 Asia/Tehran
  • ئەڵمانیا لێدوانێکی لۆکاشینکۆ لەبارەی وەرگرتنی کۆچبەران ڕەتدەکاتەوە

حکومەتی ئەڵمانیا ڕاستی ئەو وتانەی سەرۆکی بیلاڕوسیای ڕەتکردەوە، کاتێک لەبەردەم کۆچبەراندا وتی، ئەنگێلا مێرکڵ ڕەزامەندی لەسەر پێشوازیکردنیان نیشانداوە، بەرلین ڕەتیکردەوە و بە “ناڕاست” ناویبرد.

حکومەتی ئەڵمانیا ئەو وتانەی ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیای ڕەتکردەوە کە وتبووی ئەنگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ماوەتەواوبووی ئەڵمانیا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر وەرگرتنی دوو هەزار کۆچبەر.

شتیڤن زایبرت، وتەبێژ بەناوی حکومەتی ئەڵمانیا وتی، دەمەوێت بەناوی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و حکومەتەوە بڵێم کە ئەو قسانە ڕاست نین.

وتەکانی لۆکاشینکۆ ڕۆژی هەینی لەمیانەی سەردانکردنیدا بوو بۆ کۆمەڵگای کاتیی تایبەت بە کۆچبەران لە برۆسجی کە دەکەوێتە سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا و تیایدا سەرەڕای ئەوەی داوایکرد ئەڵمانیا کۆچبەران وەربگرێت وتی، “مێرکل ڕەزامەندی لەسەر ئەوە داوە”.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە بەهۆی دژوارییەکانی گەیشتن بە ئەوروپا دوێنی نزیکەی 600 کۆچبەری دیکەی کوردی و عێراقی لە بیلاڕوسیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم و عێراق.

یەکێتیی ئەوروپا ڕژێمەکەی ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، کە لە ساڵی 1994ەوە لە دەسەڵاتدایە، تۆمەتباردەکات بە پەلکێشکردنی هەزاران کۆچبەر بۆ وڵاتەکەی لە هاوینی ڕابردووەوە، بەر لە گواستنەوەیان بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتییەکە، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە سزاکانی ڕۆژئاوا، بەهۆیەوە شەپۆلێکی کۆچبەران ڕووی لە سنوورەکانی پۆڵەندا کرد.

لەکاتێکدا مینسک بەڵێنی بە ئاسانی پەڕینەوەی بەرەو ئەوروپا پێدابوون، کۆچبەران خۆیان لەبەردەم دۆخی دژوار و ڕێگرییەکانی سەر سنوور بینییەوە، بەهۆیەوە بەپێی میدیاکانی پۆڵەندا لە هاوینەوە لانیکەم 11 کەس لە ناوچە سنوورییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

سەرپەیڤ