کانونی دوھەم 09, 2022 16:36 Asia/Tehran
  • لەسەر پرسی ئۆکراین ، سبەینێ ئەمریکا و ڕووسیا کۆدەبنەوە

‌ پاش هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە؛ سبەینێ شاندی نوێنەرانی هەردوولا لە شاری جنێفی سویسڕا کۆدەبنەوە.

میدیاکانی هەردوو وڵات ڕایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لەبارەی ڕووداوی ڕەوانەکردنی 100 هەزار سەربازی ڕووسی دەبێت بۆ سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا؛ پاش ئەوەی ڕووسیا لەکۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، سەربازەکانی لە سەرسنووری ئۆکرانیا جێگیر کرد. 

ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن ناردنی هێز لەلایەن ڕووسیاوە بۆ سەر سنوورەکان، ئاماژەی ویستی داگیرکاریی ئۆکرانیایە؛ لەکاتێکدا ڕووسیا جێگیرکردنی هێزەکان بە سەروەریی وڵات ناودەبات. 

کۆبوونەوەکە پاش پەیوەندییە تەلەفوونییەکانی نێوان جۆ بایدن و پوتین دێ، کە تێیدا واشنتۆن هۆشداریی دەداتە مۆسکۆ سەبارەت بە هەر "دەستپێشخەرییەک"ی وڵاتەکە بۆ سەر ئۆکرانیا؛ ئەمە لەکاتێکدا، ڕووسیا ئەندامبوونی ئۆکرانیا بە "هێڵی سوور" دادەنێت. 

جێی ئاماژەیە جێگیرکردنی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، بەبیانووی "بەئەندامکردنی" ئۆکرانیایە لە ناتۆدا و واشنتۆنیش هۆشداری دەداتە ڕووسیا، " کە ئەو مافی ئەوەی نییە دیاری بکات کێ دەبێتە ئەندام لە ناتۆدا". 

سەرپەیڤ