ئادار 23, 2022 05:00 Asia/Tehran
  • عیمران خان : موسڵمانان بۆ بەرەڤانی کردن لە بەھا ئیسلامییەکان بەرەیەکی ھاوبەش پێک بھێنن

سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە سەر کەڵک وەرگرتن لە بارستایی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی بۆ ھێزمەند کردنی بەرنگاربوونەوەی بەکۆمەڵ لە ھەمبەر دیاردەی ئیسلام ترسێن کردن و ڕۆڵگێڕان لە ڕاگەییشتن بە ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان پێی داگرت و خوازیاری سەرکەوتنی ئارمانجە ھاوبەشەکان لەوانە داکۆکی لە فەلەستین و پێکھاتنی بەرەی یەکگرتوو بۆ بەرەڤانی کردن لە بەھا ئیسلامییەکان بوو.

چل و ھەشتەمین کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە بە لێدوانی «عیمران خان» سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە ھۆڵی ئەنجومەنی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە لە ئیسلام ئابادو بە ئامادە بوونی نوێنەرانی ئێران دەستی پێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «عمران خان» ڕۆژی سێ شەممە لە وتاردانەکەی دەستپێکی چل و ھەشتەمین کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە ھۆڵی ئەنجومەنی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە لە ئیسلام ئاباد لە پەسەند کرانی بڕیاری دیاری کرانی ١٥ مارچ بە ناوی ڕۆژی جیھانیی خەباتی دژی ئیسلام ترسێن کردن لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە پێشوازیی کرد.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان وێڕای دەخنەگرتن لە ڕوانگەی ھەڵاوێرانەی جیھانی ڕۆژئاوا لە ھەمبەر گەلانی موسڵمان و کەڵکاژۆیی لە یاساو داب و نەریتەکان بۆ سوکایەتی کردن بە پیرۆزایەتیی ئیسلامی وتیشی: دیاردەی ئیسلام ترسێن کردن ڕاستییەکەو دەبێ ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

«عیمران خان» وتیشی: دەبێ بەرەڤانی لە بەھا ئیسلامییەکان بکەین، چونکو ئەم بەھاگەلە ئەمڕۆکە بەرەوڕووی توندترین ھەڕەشەوگوڕەشەن و ئێمە بۆ بەھێزکردنی خەباتی دژی ئەم پیلانانە دەبێ بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بھێنین.

«عیمران خان» چارەسەریی کێشەی فەلەستین و ناوچەی کەشمیری ژێرڕکێفی ھیندیشی بەستەوە بە ھاودەنگیی ھێزمەندی جیھانی ئیسلام و ھەنگاوی بەبڕشتانە دژی دیاردەی داگیرکاری و وتیشی: ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی دەتوانێ لەپاڵ چین دا ڕۆڵێکی ناوبژیکارانە بۆ چەسپێندرانی ئاگربڕ لە ئۆکرانیاش بگێڕێت و یارمەتیی ڕاگیرانی پێکدادانەکان بدات.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان وێڕای پێداگرتن لە سەر سەقام و پاوەجێیی لە ئەفغانستان و یارمەتی دانی جەماوەری ئەم وڵاتە بۆ دەربازبوون لە شوێنھاتەکانی شەڕێکی چل ساڵە وتی: سەقام و پاوەجێیی لە ئەفغانستان و پێکھاتنی دەوڵەتێکی پتەو لەم وڵاتە دراوسێیەدا تاکە ڕێگای پێشگرتن بە پەرەسەندنی تیرۆریزمی نێونەتەوەییە.

«عیمران خان» ڕوو لە کۆمەڵگای جیھانیش جەختی لەوە کردەوە کە، لە ئاراستەی یارمەتی دانی جەماوەری ئەفغانستان و پێشگرتن بە توندبوونەوەی قەیرانی مرۆڤی و گوزەران دەبێ لەگەڵ دەستەڵاتدارانی تازەی ئەم وڵاتە بساچێین و ڕێگای ھاوکاری کردنیان بگرینە بەر.

سەرپەیڤ