نیسان 04, 2022 14:31 Asia/Tehran
  • داوای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆزرانەوەی تەرمی 419 کەسی مەدەنی لە کیێف

ژمارەیەکی زۆر تەرمی کەسانی مەدەنی لە ناوچە رزگارکراوەکانی نزیک کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا دۆزرانه‌وه‌ و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکانیش داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکات بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنیان.

 

ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی 419 هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌ نزیک کیێڤی پایته‌خت، رایگه‌یاند، "تەرمی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی لە شاری بوچا دۆزراونەتەوە توشی سەرسوڕمانی کردوین و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ پێویستە بۆ لێپرسینەوەیەکی کاریگەر".

یه‌کی ئه‌م مانگه‌، سوپای ئۆکرانیا شاری بوچا-ی نزیک کیێڤی لە دەست هێزەکانی روسیا رزگارکرد، به‌ڵام روبەڕوی شارێک بوەوە کە بیناکانی روخا بون و شەقامەکانی پڕبوون له‌ تەرم.

ئیرینا ڤێنێدیکتۆڤا، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، رایگه‌یاند، کە ته‌نها لە ناوچەی کیێڤ تەرمی 419ه‌ هاوڵاتی مەدەنی دۆزراوەتەوە.

هاوکات ئه‌مڕۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، لە 24ی شوبات تاوەکو 2ی نیسان لە ئۆکرانیا 1417 کەس کوژراون و 2038 کەسی دیکەش برینداربون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەناو کوژراوەکاندا 201 کەسیان ژن بون، 22 کەسیان کچ، 40 کەسیان منداڵ و 59 کەسی دیکەشیان رەگەزیان دیارینەکراوە.

سەرپەیڤ