روسیا 18 فەرمانبەری نوێنەرایەتیی یەکیەتی ئەوروپای دەرکرد
مۆسکۆ دوێنێ هەینی 18 ئەندامی نوێنەرایەتیی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپای لە وڵاتەکەی دەرکرد، ڕایگەیاند “ئەو کەسانە شیاو نەبوون”، لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەیان کرد و بەبڕیارێکی بێ بیانوو وەسفیانکرد.
لە ڕاگەیەندراوێک دا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، “18 کارمەندی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری دەرکردنیان دراوە بەهۆی شیاونەبوونیان و پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوسیا بەجێبهێڵن”.
لەم هەفتانەی کۆتایی دا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئیسپانیا، سلۆڤینیا، نەمسا، پۆڵەندا، یۆنان و کرواتیا دەیان دیپلۆماتی روسیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد.
ژمارەیەک لەو وڵاتانە هۆکاری دەرکردنی ئەو دیپلۆماتانەیان بۆ هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەڕاندەوە، ژمارەیەکیشیان بە هۆکاری سیخوڕیکردن دەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە یەکیەتی ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ڕوسیای کرد وەک بڕیارێکی “بێ بیانوو”.