تەقینەوەکانی کابۆل لانیکەم ٢٧ کوژراوی لێ کەوتەوە
ھێرشی تیرۆریستیی بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە بۆ سەر دوو ناوەندی فێرکاری لە کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان لانیکەم ٢٧ کوژراوو دەیان برینداری لێ کەوتەوە.
میدیاکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند: لە یەکێک لەو دوو ھێرشە تیرۆریستییەی بەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر قوتابخانەی «عەبدوڕەحیم شەھید» لە ناوچەی زۆرینە شێعەنشینی «دەشتی برجی»ی کابۆل ٢٧ قوتابی کوژران و کۆمەڵێکی دیکەش بریندار بوون.
«زەکەریا ئۆلفەت» لە مامۆستاکانی قوتابخانەی «عەبدۆڕەحیم شەھید» وتی: یەکەم ھێرش کاتێک ڕووی دا کە شاگردەکان خەریکی چۆڵ کردنی پۆلەکە بوون، ئەم مامۆستایە وتیشی: لە بەر قوڵ بوونی برینی زۆرێک لە برینداران بۆی ھەیە ژمارەی قوربانیان بەرزتریش بێتەوە.
«ئۆلفەت» وتیشی: مامۆستایانی ئەم قوتابخانە کوڕانەیە خەریکی بڵاوە پێکردنی قوتابیان و دەربازکردنیان لە ڕاڕەوەکانی قوتابخانەکە بوون کە دووھەمین تەقینەوە ڕووی دا.
بەیانیی ئەمڕۆ سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان ھەروەھا باسی تەقینەوەیەکی دیکەیان کرد لە ناوەندی فێرکاریی «مومتاز» لە ڕۆژئاوای کابۆل.
شایەتحاڵان وتوویانە: وێدەچێ بۆمب دانەرێک لە شوێنێکی بەربڵاودا کە دەتوانێ ھەزار قوتابی لە خۆی دا جێ بکاتەوە ، خۆی تەقاندووەتەوە.
ھەتا ئێستا ھیچکەس و یان گروپێک بەرپرسایەتیی ئەو تەقینەوانەی کابۆلی بە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئەم ناوچەیە بەو شارومەندانەی ھەزارەی خۆیەوە، پێشتریش ھەر کەوتووەتە بەر شاڵاوی داعش.