May 05, 2022 14:47 Asia/Tehran
  • تالیبان شکاندنی ڕێزی گڵکۆکەی «ئەحمەد شا مەسعود»ی شەرمەزار کرد

تاقمی تالیبان شکاندنی ڕێزی گڵکۆکەی «ئەحمەد شا مەسعود» پاڵەوانی نیشتیمانیی ئەفغانستانی شەرمەزار کرد.

بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆی سەماکردنی کۆمەڵێک لە سەر گڵکۆی «ئەحمەد شا مەسعود» پاڵەوانی نیشتیمانیی جەماوەری ئەفغانستان، کاردانەوەی کاربەدەستانی ئەم تاقمەی لێ کەوتەوە.

کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم جوڵانەوە پڕلە سوکایەتییەیان داوەتە پاڵ ھێزەکانی تالیبان و وەک بەستێن خۆش کردن بۆ ئاژاوەی ئەتنیکی لە ئەفغانستاندا لێکیان داوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی شەفەقنا،زەبیحوڵڵا موجاھید وتەبێژی تالیبان سەماکردن لە سەر گڵکۆی «ئەحمەد شا مەسعود» لە ویلایەتی «پەنجشیر»ی بە جوڵانەوەیەکی ناپەسەند لێکدایەوەو وتی: ڕووداوەکەی ئەم دواییە لەگەڵ ھەڵوێستی تالیبان دا یەک ناگرێتەوەو جێی پەسەندی ئەم تاقمە نییە.

ئەم وتەبێژەی تالیبان، بەڵێنی دا بە مەبەستی پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی وەھا ڕووداوگەلێک و بۆ ڕوون بوونەوەی ئامانجی بەشدارانی ئەو کارە دزێوە لێکۆڵینەوە دەست پێ دەکات.

موجاھید دوێنێ لە توییتەردا سەماکردن لە سەر گڵکۆی «ئەحمەد شا مەسعود»ی بۆ ئەو گەشتکارانە گەڕاندەوە کە بۆ ڕابواردن لە پشووی جێژنی ڕەمەزان لە ویلایەتەکانی دیکەوە سەردانی پەنجشیریان کردووە.

سەرپەیڤ