حوزه‌یران 12, 2022 16:32 Asia/Tehran
  • ئەمریکا لەپێناو رازییکردنی سعوودییە دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی دادەخات

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە واشنتۆن ئامادەیە لەپێناو دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودییە، دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی دیاری سعودیی لە قونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەستەنبووڵ تێپەڕێنێت و ئەو دۆسیەیە دابخات.

 

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی، ئەو هەنگاوەی واشنتۆن گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنیدابوو بەهۆی کوشتنی خاشقچییەوە دەستبەرداری سعوودییە ببێت، هەروەک ساڵی رابردووش ئیدارەکەی راپۆرتێکی هەواڵگریی بڵاوکردەوە کە تێیدا محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودییەی بە پلاندانەری کوشتنی ئەو میدیاکارە تۆمەتبار کردووە.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییانە وتویانە، بایدن لەپێناو بەرپەرچدانەوەی رووسیا و هەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە، کە هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەک لەساڵی 1981 وە بێپێشینە بووە، لەژێر گوشارێکی زۆردایە و بەئامانجی توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینی سعوودییە دەیەوێت دەستبەرداری پرسی تیرۆرکردنی جەمال خاشقچیی ببێت.

بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاش پێیان وایە پێویستە واشنتۆن هەنگاوی گەورەتر بنێت بۆ ئەوەی شازادە محەمەد بن سەلمان لەسەر کوشتنی خاشقچی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

سەرپەیڤ