حوزه‌یران 20, 2022 19:51 Asia/Tehran
  • ڕەھەندە دڵتەزێنەکانی کەڵک  وەرگرتن لە چەکەمەنیی ناڤۆکی لە کۆنفرانسی ڤییەنا لێک درایەوە

لە کۆنفرانسێکدا کە ڕۆژی دووشەممە بە ئامادە بوونی نوێنەرانی باڵای دەوڵەتەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە ڤییەنا بەرپاکرا، ڕەھەندە دڵتەزێنەکانی کەڵک وەرگرتن لە چەکەمەنیی ناڤۆکی بە دیاری کراوی تاونکارییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھیرۆشیماو ناکازاکی لێک درایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە کۆنغرانسەکەدا کە کەشێکی دژە ئەمریکیش بە سەری دا زاڵ بوو، جیا لە ئامادە بوونی کۆمەڵێک نوێنەر لە لایەن کۆمەڵگای زانستی و دامەزراوە نادەوڵەتیەکانەوە، شایەتحاڵێکی بوردومانە ناڤۆکییەکەی ناکازاکی لە ساڵی ١٩٤٥یش، باسی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ئەو تاوانە دژی مرۆڤانەیەی کرد.

«کیچی کیدۆ» کە لە تەمەنی پێنج ساڵان دا ئەو کارەساتەی بە چاوی خۆی بینی بوو وتی: ئەو کاتە لە شەقام دا لە بەرامبەر ماڵەکەی خۆمان وەستا بووم، گرمەی فڕۆکەم بیست و ئینجا کەوتمە بەر بزیسکەی «پیکادون» و بە ھۆی تەقینەوەکەوە فڕێ درامە سوچێکەوەو لە ھۆشی خۆم چووم. وتیشی: بۆ ڕۆژی دوایی  بە بەرفراوانی تەرمی مرۆڤم بەدی کرد کە لە سەر یەک کەڵەکە کرابوون.

«کیدۆ» وتیشی: دڵەخورپەو ڕەنجی بەجێ ماوانی ئەو ڕووداوە بە دەم تێپەڕینی کات و ساتیشەوە نەدەڕەوییەوە، بەڵکو گەورەترو گەورەتریش دەبوون. دڵەخورپەی خۆم دەگوێزراویەوە بۆ منداڵەکانم و لەوانیشەوە بۆ نەوەکان و بەرە بەرە بۆ تەواوی خەڵک.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا توێژەران دەرھاویشتەی دوایین موتاڵاکانی خۆیانیان لە بارەی کاریگەریی کەڵک وەرگیران لە چەکی ناڤۆکی لە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ژینگە ئاراستەکرد.

«موحەممەد بەرادعی» بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیش بە پێشکەش کردنی وتارێک پێی داگرت: ئێمە ماوەی ئەوە نادەین مرۆڤایەتی بکرێتە بارمتەی پێداویستیی ئاسایشتیی کۆمەڵێکی بەرتەسک. وتیشی: ئاشتی و ئاسایشت دەبێ بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەگ داکوتێت.

ھەر لە ھەمان کات دا «کردلا دروژ» ئەندامی باڵای لێژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە بارەی کاریگەریی تێکدەرانەی کەڵک وەرگرتن لە چەکی ناڤۆکی پێی داگرت و خوازیاری لێکۆڵینەوەی زیاتر بوو لە بارەی شوێن دانانی کارەساتە ناڤۆکییەکان لە سەر تۆرەمەو بەرەی مرۆڤ.

لەو بابەتە سەرەکیانەش کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خرایە سەر، ڕووداوی بوردومانی ناڤۆکیی ھیرۆشیماو ناکازاکی بوو کە لە شەڕی دووھەمی جیھانی بە فەرمانی «ھەری ترومەن» سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا دژی ئەمپراتۆریەتی ژاپۆن ئەنجامی گرت.

سەرپەیڤ