شاندێکی تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا سەردانی روسیا دەکات
میدیاکانی تورکیا شەوی رابردووبڵاویانکردەوە، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا سەردانی روسیا دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی دروستکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئۆکرانیا دەکەن.
ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە زیاتر لە 30%ی گەنم و 80%ی تۆوی ڕۆنی وهەروەها بەشێکی بەرچاو لە گەنمەشامی جیهان بەرهەم دەهێنن. هەروەها ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی پەینی کیمیایی، بۆیە پەککەوتنی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە ستراتیژییانە بووەتە هۆی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا و چەندین هۆشداریش لەبارەی برسێتی جیهانی لە ئایندەیەکی نزیک دا دەرکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ تەلەفزیۆنی TRTی تورکیا هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا کەناڵێکی فریاگوزارییان لە نێوان وەزارەتەکانی بەرگرییان داناوە بۆ چارەسەرکردنی بارکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا.
بە گوێرەی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە، بڕیارە ئەو سێ وڵاتە نوێنەری خۆیان بناسێنن بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی ئەم کۆریدۆرە.