کیێڤ: ڕووسیا خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی هێرشی سەر ئۆکرانیا ئامادە دەکات
دوای ڕاگەیاندنی روسیا لەمەڕ زیادکردنی چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانی لە هەموو ناوچەکانی شەڕ، بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکرانیا وتی: مۆسکۆ خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی هێرشەکە لە ئۆکرانیا ئامادە دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، "ڤادیم سکیبیتسکی" وتەبێژی هەواڵگری سوپای ئۆکرانیا دوێنێ (شەممە) ڕایگەیاند کە نەک هەر هێرشی مووشەکی لە ئاسمان و دەریاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵکو دەتوانرێت تۆپبارانیش بەدرێژایی هێڵی بەرکەوتن و بەدرێژایی هێڵی پێشەوەی شەڕ بەدی بکرێت .
هەروەها گوتی: بەکارهێنانی چالاکانەی کۆپتەرەکانی هێرشبەریش بەدی دەکرێت.
سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە پێدەچێت ڕووسیا یەکەکانی سوپاکەی بەکۆمەڵ کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر سلاڤیانسک (شارێکی گرنگ لە ناوچەی دۆنێتسک).
لە هەمان کاتدا سێرگی شویگو وەزیری بەرگری ڕووسیا فەرمانی بە یەکەکانی سوپا کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی مۆسکۆ.