وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا:ھیچ ھێرشێکی تازەی تورکیا جێگای قەبووڵ نییەو لەگەڵی دا نین
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ناوی دەوڵەتی وڵاتەکەیەوە دژی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر وڵاتانی عێراق و سووریا ھیەڵوێستی دەربڕی و ڕایگەیاند: ھیچ ھێرشێکی تازەی تورکیا جێگای قەبووڵ نییەو لە گەڵی دا نین.
«ئانالینا بایربوک»وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دژی ھێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی ئانکارا بۆ سەر ھەردووک وڵاتی عێراق و سووریا وەستایەوە پێی داگرت: لەگەڵ هیچ هێرشێکی نوێی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و سوریا نین و بە جێگای قەبووڵی نازانین.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کە، هەر شەڕێکی نوێ بۆ خەڵکی مەدەنی دەبێتە مایەی ئێش و ئازاری زیاتر.
ناوبراو پێشی داگرت کە، نابێت بە پاساوی بەرگری کردن هێرشی دیکە بکرێتە سەر باکووری عێراق و باکووری سووریا، چونکە نا سەقامگیریی ناوچەکە دەبێتە ھۆی بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش.