ئاب 21, 2022 23:41 Asia/Tehran
  •  کچی ئه‌و به‌رپرسه‌ روسە کوژرا که‌ پلانداڕێژه‌ری شەڕی ئۆکرانیا بوو

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌که‌ی لە نزیک شاری مۆسکۆ، کچی گەورەی راوێژکارێکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کوژرا که‌ ده‌وترێت پلانداڕێژه‌ری جه‌نگی ئۆکرانیا بووه‌.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یەکشەممە لە رۆژئاوای شاری مۆسکۆ و لە ئەنجامی تەقینەوەی ئوتومبێلەکەی، کچی ئەلێکساندەر دوگن، گەورە راوێژکاری سەرۆکی رووسیا و نەخشەسازی جەنگی ئۆکراینا، کوژرا.

ئەندرای کراسنۆڤ، بەرپرسی بزووتنەوەی ئاسۆی کۆمەڵایەتیی رووسیا کە کەسێکی نزیکی ئەلێکساندەر دوگنە بە میدیای رووسیای راگەیاند، ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەلێکساندەر دوگن بووە و ئەو ئوتومبێلەشی کراوەتە ئامانج ئۆتۆمبێلی ئەلێکساندەر بووە، بەڵام کچەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیبوو.

پۆلیسی رووسیا تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک و گیانلەدەستدانی شۆفێرەکەی بۆ میدیاکانی رووسیا پشتڕاستکردەوە، بەڵام ناسنامەی شۆفێرەکەی ئاشکرا نەکرد و هیچ زانیاریەکیشی لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکرد.

  ئەلێکساندەر دوگن بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پووتین ناسراوە و راوێژکاریەتی؛ هەروەها بە یەکێک لە پلانداڕێژەرانی پشت هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرێت و کەسێکی ناسیۆنالیستی دیاری رووسییە. 

میدیای رووسیا دەڵێت، ئەلێکساندەر و داریای کچی بەیانی یەکشەممە بەشداریان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کردووە و بڕیار بووە پێکەوە بگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام ئەلێکساندەری باوک لە دوا خولەک دا بڕیاریداوە لەگەڵ کچەکەی نەگەڕێتەوە؛ دوای تەقینەوەی ئوتومبێلەکەی، ئەلێکساندەر زوو گەیشتە شوێنەکە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانیش بڵاویکردۆته‌وه‌ ئەلیگزاندەر دۆگینی تەمەن 60 ساڵ زۆر لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیاوە نزیکە و بە "ئەقڵی پلانداڕێژەری جەنگی ئۆکرانیا" ناودەبرێت.

بەپێی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، کچەکەی دۆگین لە ناو ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا پرادۆدا بووە لە نزیک گوندی بۆڵشی ڤیازیومی و بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە پارچە پارچە بووە و دەوترێت ئامانج لە تەقینەوەکە، خوودی پیاوە نزیکەکەی پوتین بووە بەڵام کچەکەی پێکراوە.

سەرپەیڤ