ئه‌یلوول 05, 2022 19:00 Asia/Tehran

پاش چەند حەفتە ململانێی چڕ و پڕ کێشە، سەرەنجام ئەمڕۆ "لیز تراس" وەک سەرۆک وەزیرانی تازەی ئینگلیز، جێی بوریس جانسۆنی گرتەوەو لەسبەینێوە بەفەرمی کاری خۆی دەس پێ دەکا.

 

لە دەنگوەرگرتن لە ئەندامانی پارتی پارێزکری ئینگلیز بۆ دەسنیشان کرانی سەرۆک وەزیرانی تازەی ئینگلیز، لیز تراس٨١٣٢٦دەنگ و ریشی سوناک٦٠٣٩٩دەنگیان بەدەستهێنا و بەم چەشنە لیز تراس، جێگای بوریس جانسۆنی وەک سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز، وێڵز، ئیرلەندی باکوری و سکاتلەند گرتەوە.

سەرۆک وەزیرانی تازەی ئینگلیز ، میراتگری ئابوریەک دەبێ کە هەڵاوسانەکەی گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی لەچل ساڵی رابردوودا.

تراس کە لە دەوڵەتی جانسۆن دا وەک وەزیری دەرەوە خزمەتی دەکرد، بەڵێنی دا، لە ماوەی یەک حەفتەدا پاش بەدەستەوەگرتنی پۆستەکەی، یارمەتیی زیاتر ڕابگەیینێ بۆ پاراستنی شارومەندان لەهەمبەر هەڵاوساندا. لیزتراس یەک لە وەفادارترین سیاسەتوانانی نزیک لە جانسۆنە و پێ دەچێ سیاسەتەکانی ناوبراو بەردەوام بکا.

لیز تراس کە ئێستا دەنگی متمانەی هاوحیزبییەکانی لە حیزبی پارێزگاردا بەدەست هێناوەو پاش ڕکابەریی قورس و چەند مانگە بووە بە سەرۆک وەزیران، سبەی دەچێتە سکاتلەند و سەردانی ئیلیزابێتی دووهەم دەکا هەتا بە فەرمانی شاژن ئێلیزابێت حکومەتی تازە پێک بێنێ.

بوریس جانسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشوو و پڕهەرای ئینگلیز پاش لەقاودرانی ئامادەبوونی لە میوانیی نووسینگەی سەرۆک وەزیراندا لەسەردەمی ڕەچاوکرانی بەرتەسکییە کۆرۆناییەکان، لەژێر گوشاری نەیارانی لەسەر دەسەڵات لابراو لیز تراس کە جێی ناوبراوی گرتەوە میراتگری هەلومەرجێکی دژوارە کە کەمبوونی وزە لەبەر شەڕی ئۆکراین وهەڵاوسانی قورس، ئەو دۆخە ئاڵۆزتر و دژوارتریش دەکا.

سەرپەیڤ