تشرینی دووه‌م 02, 2022 20:57 Asia/Tehran
  • گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە، مۆسکۆ گەرەنتی پێویستی بۆ بەردەوامیی بەشداری کردن لە ڕێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا وەرگرتووەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لەم ڕاگەیەندراوەی دا جەختی کرد کە ، مۆسکۆ لە ئێستادا ئەو گەرەنتییە وەرگیراوانە بە بەس دەزانێت و دەست بە ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی گواستنەوەی بێ کێشەی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا دەکاتەوە، کە دوای هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ڕووسیا ڕاگیرابوو.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە، بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا، گەرەنتی نووسراو لە ئۆکرانیا وەرگیراوە سەبارەت بە بەکارنەهێنانی ڕێڕەوی گواستنەوە و دەروازە تایبەتەکانی ھەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ڕووسیا.

پێشتر ڕوسیا ڕایگەیاندبوو کە، دوای ئەوەی لە ئۆکرانیا گەرەنتی نووسراوی وەرگرت بۆ بەکارنەهێنانی ڕێڕەوی مرۆڤیی و بەندەرەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی دانەوێڵە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ڕووسیا، بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە دەست پێ دەکاتەوە.

ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ٢٢ی تەمموزدا بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ دڵنیابوون لە هەناردەکردنی سەلامەتی دانەوێڵە و کوود  لە سێ بەندەری ئۆکرانیا لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕۆژی 29ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند، مۆسکۆ دوابەدوای هێرشی خۆفڕەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییە سەربازی و مەدەنییەکان لە شاری «سیڤاستۆپۆلی» پایتەختی کریما، بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەدا ڕادەگرێت.

بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتننامەکانی ئەستەمۆڵ سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ کاردانەوەی شڵەژاوانەو نیگەرانیی بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپی و ئەمریکی دا ڕووبەڕوو بووەوە.

سەرپەیڤ