تشرینی دووه‌م 07, 2022 15:58 Asia/Tehran
  • داواکاریی «عیمران خان» بۆ دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان

«عیمران خان»، سەرۆک وەزیرانی لەکارلادراو و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی پاکستان، لە کاتی بەجێ ھێشتنی نەخۆشخانە داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەم وڵاتەی کرد.

دوای جێهێشتنی نەخۆشخانە، عمران خان کە حەوتەی ڕابردوو بوو بە ئامانجی هەوڵی تیرۆرکردن و بریندار بوو، داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و هەندێک لە بەرپرسانی پاکستانی کردو، حکومەتیشی بە دەست ھەبوون لەو ھەوڵەدا تۆمەتبار کرد. لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بانگەشەی «عیمران خان» سەبارەت بە تێوەگلانی بریکارەکانی حکومەت لەم هەوڵە تیرۆرکردنەدا بسەلمێنرێت، ئەوا دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «عیمران خان» سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی پاکستان، پێشوازی لە پێشنیارەکەی سەرۆک وەزیران «شەهباز شەریف» کرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی دادوەری بۆ بەدواداچوون لەمەڕ ئەم هەوڵە تیرۆرکردنە، بەڵام مەرجی ئەوەی دانا کە «شەهباز شەریف»و وەزیری ناوخۆی حکومەتەکەی و یەکێک لە ئەفسەرانی هەواڵگری دەست لەکار بکێشنەوە، ئەوسا لیژنەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کارەکانی ئەنجام بدات.

لە هەمان کاتدا حکومەتی پاکستان بیر لە چارەسەریی یاسایی دەکاتەوە بۆ دادگاییکردنی «عیمران خان» بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی پلە باڵای تۆمەتبار کردووە بە پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی.

دوابەدوای دڕدۆنگیی «عیمران خان» لە کاریگەریی پێکهێنانی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە سەرۆک وەزیران داوای پێکهێنانی ، ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی «عیمران خان» چووەتە قۆناغێکی نوێی گرژییەوە.

سەرپەیڤ