کانونی دوھەم 07, 2023 08:15 Asia/Tehran
  • بەرپرسێکی تالیبان: کارەکەی شازادەی بەریتانیا لە ئەفغانستان تاوانی جەنگیە

لە بەرامبەر دانپێدانانی شازادە «هەری» ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا بە کوشتنی ٢٥ کەس لە ئەفغانستاندا لە کاتی شەڕی ئەم وڵاتە، بەرپرسانی تاڵیبان ئەم کارەیان بە تاوانی جەنگ ناساند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئەنەس حەقانی» ئەندامی باڵای تالیبان، ڕۆژی هەینی لە توییتێکدا لە وەڵامی لێدوانەکانی شازادە هەری لە بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا کە ڕایگەیاند بوو لە کاتی خزمەتەکەی لە ئەفغانستان، "٢٥ ئەفغانیی لە ئەفغانستان وەک داشی شەترەنج لە گۆڕەپانی یارییەکەداسڕیوەتەوە، وتیشی: ئەوانەی کە ئێوە کوشتتان مرۆڤ بوون و بنەماڵەیان ھەبوو.

حەقانی ئەو کارەی شازادەی بەریتانیی بە تاوانی جەنگی ناساند و وتیشی: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەلی بێتاوانی ئێمە لە چاوی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئێوەدا داشی شەترەنج بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش بە ھەمووتانەوە یارییەکەتان دۆڕاند.

هەروەها «بیلال کەریمی»، وتەبێژی حکومەتی تالیبان لە زنجیرە توییتێکدا نوسیویەتی: ئەم دڕندەکارییانە تەنیا لە شازادە هارییەوە بەرتەسک نابێتەوەو هەموو داگیرکەران بەدرێژایی مێژوو تاوانی هاوشێوەیان ئەنجامداوە، ئەفغانییەکانیش یادەوەرییەکانی ئەو تاوانانەیان لەبیرناچێتەوە.

«هەری» ناسراو بە «دوکی ساسێکس»، کوڕە بچووکەکەی چارڵی سێیەم، پاشای ئێستای ئینگلتەرا؛ کە ماوەیەکە لە بازنەی شاهانە دەرچووە و لەگەڵ هاوسەرە ئەمریکییەکەیدا ، هەوڵی خەوشاندنی سیمای بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا دەدات وێڕای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی فیلمی دیکۆمێنتاری ، دانی بەوەدا ناوە کە لە کاتی شەڕی ئەفغانستاندا لانیکەم ٢٥ کەسی کوشتووە.

ڕۆژنامەی تەلەگرافی ئینگلیزی ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: هەری تەمەن ٣٨ ساڵ، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "سپێر" کە بڕیارە حەوتەی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە خولی دووەمی ئامادەبوونیدا لە شەڕی ئەفغانستان، لانیکەم ٢٥ کەسی کوشتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەری دووجار ، لەنێوان ساڵانی 2007 تا 2008 ی زایینی لە قەواخی ئەندامی ھێزی وشکانی و دواتریش لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2013 وەک فڕۆکەوانی هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی ئەپاچی ،بەشداریی شەڕی ئەفغانستانی کردووە.

سەرپەیڤ