٢٣ وڵاتی ئەوروپی تیمی گەڕان و فریاگوزارییان ڕەوانەی تورکیا کرد
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوسۆزیی خۆیان بۆ تورکیا دەربڕی و بیست وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و سێ وڵاتی ئەوروپی ٣٦ تیمی گەڕان و فریاگوزاری و هاوکاریی پزیشکییان ڕەوانەی تورکیا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران ، «یانێتس لینارچیچ» ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و پاراستنی مەدەنی و یارمەتییە مرۆڤیەکان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەورووپا کە تیمی گەڕان و فریاگوزارییان ناردووە بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا گەیشتووەتە ٢٣ وڵات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی تیمە ئەوروپیەکان بریتین لە ١٥٠٠ کەس و سەد سەگی دەربازکەر. هەروەها وڵاتانی ئەوروپا بەتانی و خێمە و کەرەستەی گەرمکەرەوەشیان بۆ تورکیا ناردووە.
«یانێتس لینارچیچ» جەختی کرد، ئەم لێژنەیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕەوانەکرانی هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەیان بەرنەکەوتووە، چاودێریی پرۆسەی ناردنی هاوکارییەکان دەکات، هەروەها پێویستە ئەو هاوکاریانەی کە ڕەوانە دەکرێت تەنها بۆ ناوچە لێقەوماوەکان بنێردرێت و بەسەر خەڵکی کەمدەرامەت و بوومەلەرزەلێدراودا دابەش بکرێت.
«رەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە بارەی دوایین ڕێژەو ئاماری کارەساتەکەو رایگەیاند: ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە لەم وڵاتەدا گەیشتووەتە ٩٥٧٠ کەس و هەروەها ژمارەی بریندارانی ئەم ڕووداوەش بۆ ٥٢ هەزار و ٩٧٩ کەس ھەڵکشاوە.