ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی: بومەلەرزەکەی تورکیاو سووریا بە نالەبارترین کارەساتی سرووشتیی یەک سەدەی رابردووی ئەورووپا دێتە ئەژمار
ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی ڕایگەیاند ئەو بوومەلەرزە کاولکەرەی کە تورکیاو سووریای هەژاند، دژوارترین و کارەساتبارترین ڕووداوی سرووشتی لەماوەی یەک سەدەی رابردوو لە ناوچە ئەورووپییەکان بووە.
«هانس کلوگه»ی بەڕێوەبەری ناوچەی ئەورووپیی ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی تورکیاو سووریا وتی: ئەو بوومەلەرزە کاولکەرەی کە نزیکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر ناوەڕاستی تورکیاو باکووری ڕۆژئاوای سووریای هەژاند، دژوارترین و کارەساتبارترین ڕووداوی سرووشتی لە ماوەی یەک سەدەی رابردوو لە ناوچەی ئەورووپایی ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی بووە و ئێمە ئیستایش هەر خەریکی لێکدانەوەی ڕادەی گوڕو تەوژمی ئەم بوومەلەرزەیەین و زەبرو زیانە دراڤییەکانیشی هێشتا بە وردی لێمان ڕوون نییە.
ناوچەی ئەورووپیی ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی پەنجاو سێ وڵاتی ئەورووپی و ئاسیای ناوەڕاست دەگرێتەوە کە تورکیا و سووریایش لە ڕێزی ئەو وڵاتانەدان.
ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی داوای چل و سێ ملوێن دۆلاری کردووە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەم بومەلەرزەیە کە چاوەڕێ دەکرێ لەبەر یەکجار زۆر و بەربڵاو بوونی زەبر و زیانەکانی بوومەلەرزەکە، ئەم ڕێژەیە زیاتریش ببێ.
ڕێکخراوی نەتەوەکانیش چواردەی فێڤرییەی دووهەزار و بیست و سێ رایگەیاند کە دواهاتە نالەبارەکانی بوومەلەرزە کاولکەرەکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر، نزیکەی نۆ ملوێن کەس لە سووریای خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.