گەشتی نهێنیی بایدن بۆ کییەڤ
سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئۆکرانیا وایان بڵاو کردووەتەوە کە، «جۆ بایدن» سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە نهێنی چووەتە ناو شاری کییەڤی پایتەختی ئۆکرانیا.
هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئۆکرانیا وێنەو ڤیدیۆی ئامادەبوونی بایدنیان لە نزیک یەکێک لە کڵێساکانی پایتەختی ئۆکرانیا بڵاوکردووەتەوە و باسی دیدارەکەیان لەگەڵ «ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی» سەرۆکی ئەو وڵاتەیان کردووە.
گەشتەکەی بایدن بۆ ئۆکرانیا یەکەم گەشتی بوو بۆ ئەم وڵاتە لە سەروبەندی شەڕی یەک ساڵەی ئۆکرانیا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەک سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا بە نهێنی گەشتیان بۆ ئۆکرانیا کردووە.
ئەم گەشتانە هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سوپای ڕووسیا هێرشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە و سوپای ئۆکرانیاش ناتوانێت ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕووسیا ببێتەوە.