ئولیانۆف: بانگەشەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ٨٤%ی لە ئێران یەکلا بۆتەوە
نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی سەقامگیر لە ڤییەنا باسی چارەسەرکرانی مەسەلەی پیتاندنی یۆرانیۆمی٨٤% لە ئێرانی کرد.
«میخائیل ئولیانۆف»، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤییەنا، وتی: بانگەشەی گۆڤاری ئەمریکایی بلومبێرگ سەبارەت بە پیتێندرانی یۆرانیۆمی ٨٤% لە ئێران بە سەرکەوتوویی چارەسەر کراوە و ئیتر پێویستی بە وتووێژ و دانوستان نییە.
ئۆلیانۆف هەروەها ڕایگەیاند: لەگەڵ بەڕێز "موحسین نەزیری ئەسل،" نوێنەری هەمیشەیی ئێران دیدارم کرد و پێکەوە بیر و ڕامان گۆڕییەوە سەبارەت بە سەردانی بەمزوانەی بەڕێز ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کە لە شەشەمی مارسەوە (١٥ی ڕەشەممە) دەست پێ دەبێ.
پێشتر «بەهروزکەمالوندی» وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا سەبارەت بە بانگەشەی بڵاوکراوە لە گۆڤاری ئەمریکایی بلوومبێرگ رایگەیاند؛ ئەو باس و دەیتا بڵاوکراوانە لە راستیدا بۆ خراپ نیشان دان و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانە و بوونی زەڕە یان زەڕاتی یۆرانیۆمی بانتر لە ٦٠% لە پرۆسەی پپیتاندنی یۆرانیۆم بە مانای پیتاندنی بانی ٦٠% نییە.
«بەهروزکەمالوندی» بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکوو ئێستا پیتاندنی بانی ٦٠%ی نەبووە، جەختی کرد بەداخەوە ئاژانس بووە بە ئامرازێکی گوشاری هەندێ دەوڵەت و ئەم چەشنە کردەوە و ئاکارانە کاریگەریی نگەتیڤ دادەنێتە سەر پلە و پێگە و جێمتمانەیی ئەم ڕێکخراوە گرینگە نێودەوڵەدتییە.
شایانی باسە هەفتەی ڕابردوو گۆڤاری ئەمریکایی بلوومبێرگ بە گێڕانەوە لە دوو ژێدەری دیپلۆماتیکی نەناسراو بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی زەڕاتێکیان لە ئێراندا دۆزیوەتەوە کە تا ئاستی ٨٤% پیتێندرابوون.