ئادار 11, 2023 23:11 Asia/Tehran
  • پشتیوانیی پاکستان لە ڕێککەوتنی نێوان تاران و ڕیاز

سەرۆک وەزیرانی پاکستان وێڕای پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، وتی: لە سای ئاوەزێکی بەکۆمەڵ دا ئەنجامی بردنەوە-بردنەوە لە ناوچەکەدا مسۆگەر دەبێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان ڕۆژی هەینی لە پەکینی پایتەختی چین لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە پاش حەوت ساڵ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ببووژێننەوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی تاران و ڕیاز، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئێران و عەرەبستان وێڕای چاوپێکەوتنی یەکتر ئەوپەڕی لە ماوەی دوو مانگدا بەستێن بۆ گۆڕینەوەی باڵوێزەکان و کردنەوەی باڵوێزخانە و هەروەها ڕاپەڕاندنی مەرجەکانی دیکەش بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان خۆش دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنا لە ئیسلام ئابادەوە، «محەممەد شەهباز شەریف» ئەمڕۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیوی: پێشوازی لە واژۆکرانی ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان ئێران و عەرەبستان دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم ڕێککەوتنە، بە نێوەندگیریی چین، بەڵێنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی دەدات و ئەوە دەر دەخات کە لە سای ئاوەزێکی بەکۆمەڵ دا ئەنجامی بردنەوە-بردنەوە لە ناوچەکەدا مسۆگەر دەبێت.

سەرپەیڤ