ئادار 28, 2023 18:08 Asia/Tehran
  • ڕووسیا موشەکێکی واوەدەنگی تەقاند

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا تەقاندنی موشەکی پاپۆڕشکێنی واوەدەنگی لە دەریای ژاپۆن دا بە ئامانجی تاقی کردنەوە ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لەکەناڵی تێلێگرامیی خۆی نووسیویەتی: کەشتییەکانی کۆپاپۆڕی «پاسیفیک» موشەکی کروزی"مۆسکێت"یان ئاراستەی ئامانجێکی دەریایی دوژمنی گریمانەیی کردووە لە دەریای ژاپۆن.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەم ئامانجە دەریاییە نزیکەی سەد کیلۆمەترێک لە شوێنی ھاویشتنی موشەکەکان دووربوون و ھەردووک مووشەکی کروزی «موسکێت»یش بەسەرکەوتوویی پێکایان.

پێشتر ڕووسیا لە مەشقی هاوبەشی «موسا ٢»ش دا کە لەگەڵ چین و ئەفریقای باشووری بەڕێوەی بردبوو، مووشەکێکی واوەدەنگی تاقی کردبووەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، دەسەڵاتدارانی ناوچەی دۆنێسک کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی پیشەسازیی شاری ستراتیژیی «باخموت»یان لە لایەن سوپای ڕووسیا ڕاگەیاند.

کاربەدەستانی کۆماری دۆنێتسک ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ڕووسیا بەتەواوی ناوچەی پیشەسازیی شاری ستراتژیی «باخموت» لەم پارێزگایەیان کۆنترۆڵ کردووە.

هێزی ئاسمانیی سوپای ئۆکرانیاش هێرشی شەوانەی ڕووسیای لە ناوچەی «خێرسۆن» بە کەڵک وەرگرتن لە موشەکی دوورەبەرزەفتی فڕۆکە جەنگییەکانی سوخۆی-٢٥ ڕاگەیاند.

لە کاتێکدا کە سوپای ئۆکرانیا کۆنترۆڵی زۆرێک لە ناوچەکانی «باخموت»ی لەدەست داوە، پێداگریی «ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی» سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەویش بە زیانێکی زۆری گیانی، ڕەخنەی زۆری لەبارەی ئەو ھەڵس و کەوتانەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، تانکی "چالنجەر"ی بەریتانی و "پلنگ"ی ئەڵمانی ڕادەستی ئۆکرانیا کراون. وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا پشتڕاستی کردەوە کە تانکەکانی چالنجەری بەریتانی کە ھەرەایەکی زۆریان لەسەرە، ڕادەستی کیێڤ کراون.

هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا کاردانەوەی توندی ڕووسیای لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی مۆسکۆش دەڵێن ئەم کارەی ڕۆژئاوا بووەتە هۆی درێژبوونەوەی شەڕەکە.

سەرپەیڤ