ئادار 29, 2023 17:16 Asia/Tehran
  • دانوستانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا لە مۆسکۆ

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا لە بارەی گرینگترین پرسه دوو قۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دیدارو وتووێژیان کرد.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی مۆسکۆی کردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆڤ» وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە پرسە دووقۆڵییەکان و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بیروڕایان گۆڕییەوە.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەدەم گەییشتنی بە مۆسکۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لەگەڵ «لاڤرۆڤ» باس لە پرسی بەرجام و پرسە دوو قۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات. 

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە هاوکاریی بەرگریی نێوان ئێران و ڕووسیا له دژی هیچ لایەنێک نییە، وتیشی: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردووک  وڵات له ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا پتر له 3.5 هێنده پەرەی سەندووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێراندا لە مۆسکۆ، وتیشی: دەرکەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بە بەرجام ناسراوە، هێشتاش لەسەرپشتە.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بە ڕۆژنامەنووسانی وت: دەرگای دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بە بەرجام ناسراوە هێشتا کراوەیە و یەکێک لە تەوەرەکانی وتووێژ لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆڤ» وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ھەر بادانەوەی لایەنەکان  بە لای ئەرک و پابەندبوونەکانیانە.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» هەروەها سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە مەڕ هاوکاریی بەرگریی نێوان ڕووسیا و ئێران، ئاماژەی بە بانگەشەی «"وۆڵ ستریت جۆرناڵ» کرد لە بارەی ناردنی وەرگرتنی کەرەستەی چاودێری و سایبری لە ڕووسیا لە بەرامبەر ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە، وتی: ئاساییە کە ھاوکاریی بەرگریکارانە لەو پرسانەیە کە لە بەرنامەی کاری تاران و مۆسکۆدایە، ھەڵبەت دیاریشە کە هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیا دژی هیچ لایەنێک نابێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەهەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیادا ڕاشیگەیاند: نمونەی جۆراوجۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا بە تەواوی چالاک کراون و هەردووک لاش لەهەموو بوارەکانی هاوکاری دا لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکان  لە ئاراستەی دابین کرانی بەرژەوەندییەکانی هەردووک نەتەوە و ھەدووک وڵاتە ڕەزامەندن.

سەرپەیڤ