نیسان 05, 2023 19:46 Asia/Tehran
  • هۆشداریی پسکۆڤ سەبارەت بە دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەندامێتیی فینلاند لە ناتۆ بۆ ڕووسیا

وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا جارێکی دیکە پەیوەستبوونی فینلاند بە ڕێکخراوی پەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا وەسف کرد.

«دیمیتری پسکۆڤ»، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەدا لە کرێملین جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەست بوونی  فینلاند بە ناتۆ نەک هەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەوروپا زیاد ناکات، بەڵکو مەترسی لەسەر ئاسایشی ڕووسیاش دروست دەکات.

وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی فینلاند بە ناتۆوە پەیوەشت بوو، ئەم وڵاتە پێویستی بە ڕێوشوێنی زیاتر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی و لەم ئاراستەیەش دا هەر ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر.

«دیمیتری پسکۆڤ» هەروەها ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش ڕایگەیاندبوو کە فراوانکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ پێشێلکردنی ئاسایشی ڕووسیایەو مۆسکۆ ناچار دەکات ڕێوشوێنی بەرپەرچدەرانە بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی.

هەرچەندە فینلاند لە چواری نیسان بە فەرمی پەیوەستی ناتۆ کراو ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل هەڵکرا، بەڵام بەرپرسانی ڕوسیا هۆشدارییان داوە کە پەیوەستبوونی فینلاند بە ناتۆ مەترسیی ململانێکان زیاتر دەکات.

فینلاند لە باکووری ئەوروپا لە بەر دراوسێ بوونی لەگەڵ ڕووسیا و ھەڵکەوتە جوگرافیاییە تایبەتییەکەی هەمیشە هەستیارییەکی زۆری ڕووسەکانی وروژاندووە.

سەرپەیڤ