نیسان 20, 2023 15:45 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونەوەی شەڕ لە سودان چەند کاژێرێک دوای ڕاگەیەندرانی ئاگربەست

لە کاتێکدا تەنیا چەند کاژێرێک بەسەر دامەزرانی ئاگربەستی کاتی لە سودان تێپەڕیوە، پێکدادانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە دەستی پێ کردووەتەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی سودان باسی دەست پێ بوونەوەی پێکدادانی نوێ لە دەوروبەری بارەگای سوپای ئەم وڵاتە لە خارتوم و دەنگی تەقینەوە و بەرزبوونەوەی دوکەڵ لەم شارەیان کردووە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە،هێزەکانی سوپاو کاردانەوەی خێرا لەڕۆژهەڵاتی بازاڕی سەرەکیی شاری «ئەلفاشر» لە ڕۆژئاوای سودان بە توندی پێکەوە تێکھەڵچوون و سوپای سودان خەریکی ڕەوانە کردنی هێز لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ خارتومە بۆ ئەوەی خێراتر دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.

فەرماندەی سوپای سودان جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا فڕۆکەخانەی خەرتوم بە تەواوی لەلایەن هیچ کام لە لایەنەکانی ململانێکانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە.

جێگای ئاماژەیە سەرۆکی ئەنجومەنی حوکمی سودان و فەرماندەی هێزەکانی کاردانەوەی خێرای ئەو وڵاتە یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر شاندەکانی دەرەوە تۆمەتبار کردووە.

هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سودان بە فەرماندەیی «محەممەد حەمدان دەقلو» ناسراو بە «حەمیدەتی» ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی سوپا لە ڕۆژئاوای ناوچەی «ئۆممە دورمان» لە خارتوم هێرشیان کردووەتە سەریان.

هەروەها هێزەکانی کاردانەوەی خێراکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە پابەندن بە ئاگربەستەوە. ئەم لێدوانانە حەمیدەتی لە کاتێکدایە کە «عەبدولفەتاح ئەلبورھان» سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و فەرماندەی سوپای سودان لە گفتوگۆیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە: «حەمیدەتی» هەوڵی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت دەدات.

وتووشیەتی:ھەرکە حەمیدەتی شکستی هێنا، دەتوانین پرۆسەی گواستنەوەی دیموکراسیانەی دەسەڵات لە سودان دەست پێ بکەینەوە.

ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان هەوڵی ئاشت بوونەوەی لایەنەکان و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئەلبورهان و حەمیدتی دەدەن، ئەگەر ململانێکان توندتر ببنەوە، پێشبینی دەکرێت پڕۆژەی دابەشکردنی سودان دووبارە ببێتەوە.

سەرپەیڤ