نیسان 28, 2023 17:50 Asia/Tehran
  • دوابەدوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە ٢٠ هەزار سودانی بەرەو چاد هەڵاتن

جێگری وتەبێژی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی 20 هەزار هاوڵاتیی سودانی بەهۆی ململانێکانی سودانەوە ڕوویان لە چاد کردووە.

«فەرحان حەق» گوتیشی: بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ململانێکانی سوداندا 9 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لەم ململانێیانەدا ٥٠ منداڵ بریندار بوونە، هەروەها پرۆسەی چارەسەریی نزیکەی ٥٠ هەزار منداڵی بەدخۆراکیش ڕاگیراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئەم وڵاتە بۆ ماوەی ٧٢ کاژێر.

لە ڕۆژی سێشەممەوە ئاگربەستێکی ٣ ڕۆژە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی کاردانەوەی خێرا دامەزراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئاگربەستەکە ھەر لە یەکەم ساتەکانی خۆی دا لەلایەن هەردووک لایەنی پێکدادانەکانەوە پێشێلکراو ئەم پێشێلکارییە لە چرکەساتەکانی کۆتاییش دا ھەروا بەردەوامە.

سوپای سودان هیوادارە چەکدارانی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا ئەمجارەیان پابەندبن بە مەرجەکانی ئاگربەست و وەک ماوەی پێشوو، بە بۆردومانکردنی دامەزراوەو شوێنە سەربازییەکان و تێکدانی دامەزراوە گرنگەکان و خستنەمەترسیی ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان پێشێلی نەکەن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی کاردانەوەی خێرا هێشتا ھیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە نەبووە.

سەرپەیڤ