نیسان 28, 2023 20:04 Asia/Tehran
  • کییەڤ لە ژێر ئاگری جەنگ دا/کوژرانی ١٢ ئۆکراینی و تەقێندرانەوەی ٢١ موشەک و تێکشکێندرانی ٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

چەندین شاری ئۆکرانیا شەوو ڕۆژی پێنجشەممە ھەتا هەینی لەلایەن ڕووسیا هێرشیان کرایە سەر و لانیکەم ١٢ کەس لە «دنیپرۆ»و «واومان» کوژران.

هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، ٢١ مووشەکی کروزو ٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێرشی تازەی ڕوسیا بۆ سەر کییەڤ و شارەکانی دیکەی ئەم وڵاتە لە ماوەی شەوی پێنجشەممە تا هەینی بە ئاسمانەوە لەنێو بردووە.

ھەروەھا باسی چەندین تەقینەوەی بەردەوامیش کراوە لە درەنگانی شەوی پێنج شەممە لە سەر ھەینی لە «دنیپرۆ»، «کرمەنچوک» و «پۆلتاڤا» لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا و «میکۆلایڤ» لە باشووری ئەم وڵاتە.

شەڕی ئۆکرانیا بە هەموو دەرئەنجامە سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییە بەرفراوانەکانییەوە، لە مانگی پانزەهەمی خۆیدایەو ناردرانی چەکی وڵاتانی ڕۆژئاواش بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە. بەرپرسانی ڕووسیاو بەشێک لە شارەزایان و میدیاکانی ڕۆژئاوا شەڕی ئۆکرانیا بە شەڕێکی بە وەکالەت و بریکارانە لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا دەزانن.

«سێرگێئی شۆیگو» وەزیری بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی ڕۆژئاوا لە ململانێی ئۆکرانیا، داسەپاندنی شکستێکی ستراتیژیی بەسەر ڕووسیاو بە ئامانجگرتنی چین و دەستەبەرکردنی هەژموونیی خۆیانە.

وەزیری بەرگریی ڕووسیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی پلانێکی ستراتیژی جێبەجێ دەکەن بۆ ئانتریک کردنی وڵاتانی دیکە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڕووسیا و چین دا.

«شۆیگو» ئاماژەی بەوەشکردووە کە، حکومەتی ئەمریکا بە دروستکردنی هاوپەیمانیی ناوچەیی و پەنابردنە بەر هەڕەشەو گوڕەشەو باجخوازی هەوڵ دەدات میکانیزمی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتەکان تێکبدات.

وەزیری بەرگریی ڕووسیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو چەکانەی کە بۆ ئۆکرانیا دابین دەکرێن سەرەتا لە بازاڕی ڕەشەوە دێن و دواتر دەگاتە دەستی تیرۆریستان.

«شۆیگو» وەبیریشی هێناوەتەوە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەوڵ دەدەن مۆڵگە سەربازییەکانیان بۆ ئاسیای ناوەڕاست بگەڕێننەوە.

پێشتر «دیمیتری پێسکۆڤ» وتەبێژی کرێملین، بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی سروشتی شەڕخوازانەی خۆی دەرخستووە، ڕایگەیاند بوو کە ناتۆ هاوپەیمانییەکی شەڕخوازەو ئاسایشی ڕووسیا پێشێل دەکات.

سەرپەیڤ