حوزه‌یران 08, 2023 21:19 Asia/Tehran
  • ھەڵکشانی ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی پارێزگای بەدەخشانی ئەفغانستان

ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی پارێزگای بەدەخشانی ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا بۆ ١٧ کەس بەرز بووەوە.

پێشتر سەرچاوه کانی نەخۆشخانەییەکانی ئەفغانستان ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەدەخشانیان ١٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیشیان ٢٥ کەس ڕاگەیاندبوو.

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، پارێزگای بەدەخشانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، دوو تەقینەوەی خوێناویی بە خۆیەوە بینی کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن، سەرچاوەکانی نەخۆشخانەیی ئەفغانستان ڕایانگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆمبێک لە مزگەوتێکی شاری فەیزئابادی ناوەندی پارێزگای بەدەخشان تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا ١٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٥٧ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەهۆی شپرزەبوونی دۆخی هەندێک لە بریندارەکان ڕەنگە ژمارەی کوژراوان بەرزتریش بێتەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک فەرماندەی تالیبانیش لەوانە «سەفیوڵڵا سەمیم» فەرماندەی پێشووی پۆلیسی بەغلانیش لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆدا کوژراون.

سەرپەیڤ