پوتین: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سودمەندی سەرەکین لە ناسەقامگیرییەکانی جیهان
«ڤیلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕوسیا بە دەربڕینی ئەمەی کە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سودمەندی سەرەکین لە ناسەقامگیرییەکانی جیهان، جەختیشی کرد کە ئەمریکا بەرپرسیارە لە هەموو کێشەکانی فەلەستین و عێراق و ئەفغانستان و ئۆکرانیا.
پوتین لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: سوودی سەرەکی ناسەقامگیری لە جیهاندا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەگەڕێتەوەو هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەوڵ دەدەن ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان لەوانە ئۆکرانیا، فەلەستین، سوریا، عێراق ، ئەفغانستان و شوێنەکانی تر دروست بکەن.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی لەوەش کردەوە: ئەمریکا پێویستی بە ئاژاوەگێڕییە، بۆیە ناوی ئەو کەسانەی کە بەنیازن خوێنڕشتن لە ڕۆژئاوای ئاسیا ڕابگرن،دەزڕێنن، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە هەراسان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: مەبەستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ دروستکردنی ئەم ئاژاوە جیهانییە، ڕێگریکردن و ناسەقامگیرکردنی ڕکابەرەکانیان، لەنێویاندا ڕووسیایە، لە سەردەمی کۆتایی هاتنی میکانیزمی تاک جەمسەریی جیھاندا.
پوتین بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ تێکدانی سەقامی ڕووسیاش، وتی:هەڵوێستی ڕوسیا بەرامبەر ڕۆژئاوای ئاسیا هەرگیز بەرژەوەندی خۆپەرستانە نەبووە، بەڵام ئەمریکا هەوڵدەدات دۆخی ناوچەکە بۆ ئاژاوەو دووبەرەکی بقۆزێتەوە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ بۆردومانکردنی سەدان هەزار هاوڵاتی بێتاوانی غەززە بهێنێتەوە و وتیشی: کلیلی چارەسەری لە پێکھاتنی دەوڵەتێکی بە تەواوی فەلەستینی دایە.